كۆمپانیاكان بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەوت داوای قەرزەكان لە هەرێم دەكەن و پێشنیارێكیش دەدەنە بەغدا

پەرەگراف
حكومەتی هەرێم یەك ملیار دۆلار قەرزداری كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی كەرتی نەوتە و بەبێ دڵنیایی و گرەنتی پێدانەوەی ئەو قەرزە، كۆمپانیاكان ئامادە نین بەرهەمهێنانی نەوت دەست پێ بكەنەوە، ئەوە لە كاتێكدایە گفتوگۆكان لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە چڕی بەڕێوە دەچن.
مایلس كاگینگس، وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە شەش كۆمپانیای نێودەوڵەتیی كەرتی نەوتن و بە ئەپیكور ناسراوە، ڕایگەیاند "حكومەتی هەرێم ملیارێك دۆلار قەرزداری كۆمپانیا نەوتییەكانە و هیچ بەڵێنێكمان وەرنەگرتووە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان".
كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانن و وتەبێژەكەی ئەپیكور دەڵێت "پێشنیاری ئەوەشمان كردووە كە ئامادەین نەوتی هەرێم بفرۆشینەوە بە كۆمپانیای سۆمۆی عێراق و ئەوان هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن، ئەوەش بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوت بەپێی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم".
هەناردەی نەوتی هەرێم حەوت مانگ و 18 ڕۆژە ڕاگیراوە و مایلس كاگینگس، ئەوە دەخاتەڕوو كە زیانەكانی ڕاگرتنی نەوت نزیكەی ٧ ملیار دۆلارە. جەختیش لە جێبەجێكردنی گرێبەستە نەوتییەكان دەكاتەوە و دەڵێت "هەر كۆمپانیایەك گرێبەستێكی یاسایی تایبەتی لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە و هەر گۆڕانكارییەك دەبێت بە ڕەزامەندیی هەردوو لایەنی گرێبەستەكەبێت".
حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاریی كە وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.
بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە، بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
ماوەی دوو ڕۆژە وەزیری نەوتی عێراق لە هەولێرەو گفتوگۆی چڕ ئەنجام دەدرێن، ئەمڕۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە و جەختیان لە پێویستیی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردەوە.
عێراق دەیەوێت پاش ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتی هەرێم لەسەر گرێبەستەكانیان و گونجاندنی گرێبەستەكان لەگەڵ یاسای بودجە و دەستووری عێراق، بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبكرێتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا لەگەڵ توركیا ڕێككەوێت بۆ هەناردەكردنی نەوتەكە بۆ بازاڕەكانی جیهان.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوت حكومەتی هەرێمی ڕووبەڕووی قەیرانێكی سەخت كردەوە كە ناتوانێت مانگانە مووچە دابەش بكات و هەزاران مامۆستا و فەرمانبەر بەهۆی پێنەدانی مووچەكانیان بایكۆتیان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوان دەكرێت دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كاریگەریی لەسەر باشبوونی دۆخی ئابوری و ناردنی بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم لە بەغداوە هەبێت.