لە هەولێرو سلێمانی دوو تووشبووی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

02-06-2020 07:20

پەرەگراف

لە هەولێرو سلێمانی دوو تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، بەوەش تەنها ئەمڕۆ 4 تووشبوو لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستداوە.

لەو چوار تووشبووەی ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا دوانیان لە شاری هەولێر بووەو لەو 6 كەسە بوون كە بەتووندی ڤایرۆسەكەیان گرتبوو، ئەوەش بەوتەی د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر كە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند.

هاوكات لە سلێمانی ژنێكی تەمەن 73 ساڵ‌و لە قەزای كفریی سەربە ئیدارەی گەرمیان ژنێكی تەمەن 63 ساڵ ئەمڕۆ گیانیان لەدەستدا كە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

تائێستا 11 حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، ئەوەش لە كۆی زیاتر لە 750 تووشبوو بە كۆرۆنا كە تائێستا 432یان چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای ماوەیەك لە نزمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان كە چەند ڕۆژێك لەسەر یەك هیچ حاڵەتێك تۆمار نەدەكرا، تەندروستیی هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان كە زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی بن.

هاوكات لە سبەینێ ئێوارەوە قەدەغەی هاتووچۆی تەواو لەناو شارەكانی هەرێم هەڵدەگیرێت‌و كارئاسانی بۆ ئاساییكردنەوەی ژیان دەكرێت، بەڵام قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان‌و نێوان هەرێم‌و عێراق بەردەوام دەبێت.