مامۆستا عەلی ڕەئوف بە كەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد كرا و دۆسیەكەی ڕەوانەی دادگا كرا
پەرەگراف
مامۆستا عەلی ڕەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری هەولێر و دهۆك، دوای 24 كاتژمێر لە دەستگیركردنی، بە "كەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد كراوە و دۆسیەكەی ڕەوانەی بە دادگا كراوە"، ئەمە بەپێی لێدوانی كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی بۆ پەرەگراف.
مامۆستا عەلی ڕەئوف پاش ئازادكردنی بۆ میدیاكان وتی "چەند ناسنامەیەكم پێ بووە كە هی ڕاهێنەری و یەكێتیی مامۆستایان بوون و ماوەیان بەسەر چووە، دەڵێن لەسەر ئەوە دەستگیر كراوی، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، دەستگیركردن بۆ ئەوە بوو لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران خۆپیشاندان ئەنجام نەدەین".
كازان فیزیك دەڵێت "لەگەڵ بەشەدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش قسەم كردووە، مامۆستا عەلی ڕەئوف بە ماددەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، بە تۆمەتی ئەوەی لە بازگە داوای ناسنامەیان لێ كردووە، دەركەوتووە ناسنامەكانی بەسەر چووە".
كارزان فیزیك داوای لە "هەموو دەنگ ناڕازییەكان و كونسوڵخانەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتان" كرد كە "فشار بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی دادپەروەرانە لەگەڵ دۆسیەی مامۆستا عەلی ڕەئوف بكرێت".
مامۆستا عەلی ڕەئوف، نوێنەرێكی چالاكی مامۆستانی وانەبێژە لە سنووری هەولێر و دهۆك، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەیەكی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كرد.
كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "مامۆستا عەلی ڕەئوف نزیكی كاتژمێر 11ی بەیانیی دوێنێ، لە بازگەی كەڵەك دەستگیر كراوە و بە ئۆتۆمبێلی ئاسایش ڕەوانەی بۆ هەولێر كراوە".
مامۆستا عەلی ڕەئوف دەڵێت "ئەمە پێنجەم جارە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر دەكرێم، دوو جاریان دادگایی كراوم، بەڵام بە هەڕەشە و ترساندن، بە دادگاییكردن و زیندانیكردن، كۆڵ نادەین و داوای مافی خۆمان دەكەین".".
كارزان فیزیك دەڵێت "یەكەم جار لە 6-9-2022، من و مامۆستا عەلی پێكەوە دەستگیر كراین، بە تۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، بەڵام دوای هەشت مانگ، سكاڵاكە لە بەرژەوەندیی ئێمە كۆتایی هات و دۆسیەكە داخرا".
بەهۆی ئەو ڕێكارییە ئەمنییە توندەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە گیرابووە بەر، خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕێگریی لێ كرا و ئەنجام نەدرا، بەڵام لە سلێمانی و چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكە خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجام دا.
مامۆستایانی وانەبێژ كە هاوشانی مامۆستایانی دامەزراو ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بایكۆتی دەوامیان كردووە، تاكە داواكارییان بریتییە لە دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی.
وەكوو نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن، دوای دەیان گردبوونەوە و خۆپیشاندان، تا ئێستا حكومەتی هەرێم "وەڵامێكی ئەرێنی"ـی نەداونەتەوە، تەنانەت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم "ئامادە نییە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە كێشەی مامۆستایان ئەنجام بدات".
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ نزیكەی 35 هەزار مامۆستایە و 30%ی پێداویستیی كەرتی پەروەردە پەروەردە پڕ دەكەنەوە. زۆرینەیان زیاتر لە پێنج ساڵ و هەندێكیان زیاتر لە 10 ساڵیشە مامۆستای وانەبێژن، بەڵام تا ئێستا حكومەت ئامادە نییە بیانكات بە هەمیشەیی.