بۆ پێنجەم جار دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی دەربارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست

19-11-2023 09:44

پەرەگراف

بۆ پێنجەم جار دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی یەكێتیی دەربارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست. دیارترین ماددەی یاساكە كە سكاڵای لە دژ تۆمار كراوە، كورسیی پێكهاتەكانە. پێكهاتەی توركمان نیگەرانە و كورسییەكانی لەبەردەم ئەگەری نەماندان.

بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵاكە یەكلایی بكاتەوە و بڕیاری لەبارەوە دەربكات، بەڵام جارێكی دیكە دانیشتنی بڕیادانی بۆ 3-12-2023 دواخست.

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏‏ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە.

ڕۆژی 5-11-2023 كە دانیشتنی پێشووی دادگا لەبارەی سكاڵاكەوە بەڕێوە چوو، زیاد جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە مشتومڕی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری یاساكە بكەین، بەڵام نەگەیشتینە ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و یاسا".

یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1، 9، 15، 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ‏هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن ‏دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‎.

دیاترین ئامانجی سكاڵاكەی یەكێتی، كورسیی پێكهاتەكانە، كە یەكێتی پێی وایە لە ڕابردوودا ئەو كورسییانە بۆ "نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان نەبووە و پارتی لە ململانێ‌ سیاسییەكاندا بەكاری هێناون".

زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە دوو خاڵ دەكاتەوە. یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان بیت. دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتە هەیە، نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".

مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پێكهاتەی توركمان، بە نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە سكاڵاكەی لە دادگای فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.

زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و ڕایگەیاند "سكاڵایان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان". وەكوو ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر 100 هەزار كەسێك نوێنەرێكی لە پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ڕێكخستنە".

هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و تۆماری دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ئەو بەشەی سكاڵاكە كۆتایی پێ‌ هاتووە".

هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات هەرێمی كوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەو شێوەیە بووە.

ئەگەر دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی یەكێتی بڕیار بدات، ئەوا كورسییەكانی ‏پەرلەمان لە ١١١ كورسییەوە بۆ 106 كورسی كەم دەكرێنەوە و پێنج كورسیی پێكهاتەی ‏توركمان هەڵدەوەشێتەوە، تەنیا پێنج كورسیی پێكهاتەی مەسیحی دەمێنێتەوە كە لە ‏یاسا كۆنەكەدا ھەبووە.‏

ڕۆژی 24-10-2023، زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی توركمان، بە ‏بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر ‏كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن "كۆبوونەوەكە بۆ پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای ‏پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" بووە.‏

حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، تێیدا ‏دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "‏ڕێژەیەكی زۆری هاووڵاتیانی پێكهاتەی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، كارێكی ‏هەڵەیە بەهۆكاری بوونی ڕێژەیەكی كەم لە هاووڵاتیانی توركمان لە پارێزگاكانی تر، ‏كورسیی كۆتای توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو ڕێژە زۆرەی هاووڵاتیانیان لە پارێزگای ‏هەولێر پێشێڵ بكرێت".

حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسیی پێكهاتە ‏نەتەوەییەكان، بە "نادەستووری" ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسیی كۆتای ‏نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و ‏مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".‏

كورسیی پێكهاتەكان یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی بەردەم هەمواركردنەوەی یاسای ‏هەڵبژاردن بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتی و چوار حیزبی دیكە ‏داوای دابەشكردنی كورسییەكانیان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دەكرد، بەڵام پارتی دژی ‏ئەوە بوو.‏

ئەگەر دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی سكاڵاكەی یەكێتی بڕیار بدات، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە بڕیارە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بكرێت، ‏پێكهاتەی توركمان كورسیی نابێت، مەگەر لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەو ‏كێشەیە بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن چارەسەر بكرێت، ئەوەش توركمانەكانی بە ‏تەواوی نیگەران كردووە و هەموو هەوڵەكانیان بۆ ڕێگری لەوە خستووەتە گەڕ.‏