ئەمڕۆ بارانبارینی بەلێزمە بەردەوام دەبێت و بەفربارینیش دەست پێ‌ دەكات

20-11-2023 12:05

پەرەگراف

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێم، شەپۆلی بارانبارینی بەلێزمە ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و بەفربارینیش دەست پێ‌ دەكات. شەوی سێشەممە كۆتایی بە شەپۆلەكە دێت.

پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 20-11-2023:

لە ئەنجامی بەردەوامیی كاریگەریی نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاست، كاریگەریی شەپۆلی دابارینی بەهێز لە تەواوی ئاسمانی هەرێم بەردەوامی دەبێت، بە جۆرێك لە كاتەكانی بەیانی تاكوو نیوەڕۆ، بارانی بەلێزمە و برووسكە لە زۆربەی ناوچەكان بەردەوامیی دەبێت، زۆرترین ڕێژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و سەنتەری شار و هەروەها ناوچەكانی گەرمیان دەبێت.

پارێزگای دهۆك: ناوچەكانی ئاكرێ، شیلادزێ و ناوچەكانی دەوروبەری زۆرترین ڕێژەی دابارین دەبێت، لە كاتەكانی بەیانی تاكوو نیوەڕۆ، پاشان كاریگەری كەم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان دابارین بەردەوامیی دەبێت، لەگەڵ بەفربارین لە شاخە سنوورییەكانی ئەم ناوچەیە.

پارێزگا هەولێر: لە سەنتەری پارێزگاكە، هەروەها ناوچەكانی كۆیە و هیران و دەوروبەری، تا كاتەكانی نیوەڕۆ ئەگەری دابارینی زۆر هەیە بەشێوەی لێزمەباران و بروسكە، پاشان كاریگەری لاواز دەبێت، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ، لە ناوچەكانی باڵەكایەتی و ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان بەردەوامیی دەبێت بە شێوەی نمەباران و بەفر.

پارێزگای سلێمانی: لە كاتەكانی پێشنیوەڕۆ لە سەنتەری شار و زۆربەی ناوچەكان بارانی بەلێزمە بە بروسكەوە دەبارێت، كاریگەریی بەردەوامی دەبێت تاكو كاتەكانی ئێوارە.

ناوچەكانی گەرمیان: لە كاتەكانی بەیانی تاكوو پێش نیوەڕۆ، ڕێژەی دابارین زۆر دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەكانی باشووری چەمچەماڵ و سەنگاو و قادر كەرەم و دەوروبەری، پاشان كاریگەری لاواز دەبێت لە كاتەكانی دوایی نیوەڕۆدا.

پاریزگای هەڵەبجە: لە كاتەكانی پێش نیوەڕۆ كاریگەریی ئەم شەپۆلە بروسكە و لێزمە بارانە دەگاتە سەنتەری شار و دەوروبەری و كاریگەریی بەردەوامی دەبێت تاكوو كاتەكانی ئێوارە.

پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ سبەی سێشەممە 21-11-2023

ئاسمان هەور دەبێت لەگەڵ بەردەوامیی دابارین بەشێوەی نمەباران، بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان بەتایبەتی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی ڕۆژهەڵات و باكووری ڕۆژهەڵات دەبارێت. لە كاتەكانی شەودا كاریگەریی ئەم شەپۆلە دابارینە كۆتایی دێت و ئاسمان بۆ نیمچەهەور و ساماڵ دەگۆڕێت.

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بۆ سێشەممە:

هەولێر: 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 13 پلەی سیلیزی
دهۆك : 12 پلەی سیلیزی
كەركوك : 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 0 پلەی سیلیزی
سۆران : 8 پلەی سیلیزی