کەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە؟

21-11-2023 12:24

پەرەگراف

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت، ڕایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکاتەوەو پێشبینی دەکەن پێش کۆتایی ئەمساڵ هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.

کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، بە میدیای سەرۆکی حکومەتی ڕاگەیاند، هەوڵەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، "تورکیا و عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەربڕیوە، تاکە کێشەی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە، تێچووی دەر‌هێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە  و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش دەکرێت".

"کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات" کەمال محەمەد وتیشی "پێشبینی دەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە".

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئەوەش دەخاتەڕوو "راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بە بڕی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی عێراق گەیاندووە". 

لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵدا دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم و کەرکوک ڕابگرێت، لەو کاتەوە هەناردەی نەوتەکە ڕاگیراوە.

جەوهەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد سەربەخۆیی ئابوری و دۆسیەی دەرهێنان و هەناردەی نەوتە کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە هەرێم سەندراوەتەوەو دراوەتە دەست بەغداد.

بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق(2023 – 2025)، پشكی ساڵێكی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە، بەڵام بەغداد ئامادەنییە بودجەی هەرێم بنێرێت چونکە بەپێی هەمان یاسای هەرێم پابەندکراوە بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و جۆری گرێبەستەکانی هەرێەوە، عێراق ناتوانێت سوود لە نەوتی هەرێم وەربگرێت.

حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازیی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێیوایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی جۆری خزمەتگوزاریی كە ‏وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.

بەڵام كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان كە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی ‏كوردستان هەیانە بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەكەن، سەرەڕای ‏ئاستەنگە سیاسی و ئەمنیی و جیۆلۆجییەكان لە هەرێم، بەڵام كۆمپانیا نەوتییە ‏نێودەوڵەتیەكان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیكەی سفرەوە ‏گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.‏

هەفتەی ڕابردوو ماوەی دوو ڕۆژ وەزیری نەوتی عێراق لە هەولێر بوو، گفتوگۆی چڕ ئەنجام دران و جەخت لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کرایەوە، پاشان وەزیری نەوت گەڕایەوە بەغدادو ئەنجامی کۆبوونەوەو پێشنیارەکانی بردەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێستا هەرێم چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی عێراقە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەکەی و پێدانی بودجەکەی بەپێی یاسای بودجەی عێراق، تا کێشەی مووچەخۆران چارەسەر ببێت و مانگانە لەکاتی خۆیدا وەریبگرن کە بەوهۆیەوە دەیان هەزار مامۆستاو فەرمانبەر لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی دەوامیان کردووە.