"پیشاندانی دەموچاوی تۆمەتبارەكان بە فەرمان و ئاگاداریی دادگا نەبووە"

12-05-2019 02:12

پەرەگراف - سەنگەر سالار

پیشاندانی دەموچاوی تۆمەتبارەكانی نەوەی نوێ‌ بە فەرمان و ئاگاداریی دادگا نەبووە. لەبارەی ئەنجامدانی ئەو كارەوە دادگای سلێمانی قسەی لەگەڵ ئاسایش كردووە.

دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پیشاندانی دەموچاوی تۆمەتبارەكان لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە، بە فەرمان و ئاگاداریی دادگا نەبووە".

وتەبێژی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی وتیشی "ئاسایش بە بێ‌ ئاگاداری و فەرمانی دادگا دەموچاوی تۆمەتبارەكانی پیشان داوە".

"لەبارەی ئەو بابەتەوە، لەلایەن دادگای سلێمانییەوە قسە لەگەڵ ئاسایش كراوە" دادوەر عومەر ئەحمەد واى وت .

ناوبراو جەختی لەوە كردەوە "لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە یاساییەكانی دادگادا، هیچ فەرمانێك نییە كە بەو شێوەیە دانپێدانانی تۆمەتبار بڵاوبكرێتەوە و دەموچاویان پیشان بدرێت".

سەبارەت بە سزاى بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبار بەو شێوەیە و ڕێكاری قەرەبووكردنەوەی ئەو تۆمەتبارانە، وتەبێژی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی وتی "دەقێكی یاسایی نییە كە سزای بۆ ئەو كارە دانابێت، بەڵام شێوازی قەرەبووكردنەوەی ئەو جۆرە كەسانە لە یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2010 دیاری كراوە".

ڕۆژی 10/5/2019 دەزگای ئاسایشی هەرێم گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی پێنج تۆمەتباری جووڵانەوەی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە، بە بێ‌ ئەوەی دەموچاوی تۆمەتبارەكان شاردرابنەوە، ئەوەش كاردانەوەی كەسانی یاسایی و چالاكانی مافی مرۆڤی لێكەوتەوە بە پێشێلكاری بەرانبەر مافەكانی مرۆڤ لێكدرایەوە.