ئەمریكا بۆ وەزیری پێشمەرگە: دڵخۆشین بە گەڕانەوەت و هیوای زۆرمان پێتە

28-11-2023 09:30

پەرەگراف

ئەمریكا پەیامی "دڵخۆشی"ـی خۆی بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێم بۆ پۆستەكەی دەگەیەنێتە ئەو وەزیرە و پاڵپشتیی بۆ دەردەبڕێت بۆ "چاكسازی" لەناو هێزی پێشمەرگە و دروستكردنی "هێزێكی نیشتمانی". هاوكات ئەمریكا داوای هەنگاونانی "گەورە" لە شۆڕش ئیسماعیل دەكات بۆ "جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی (كارنامەی لێكتێگەیشتن)ی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە".

ئەمڕۆ هەریەك لە جەنەڕاڵ مەكێنزی، بەرپرسی تیمی ڕاوێژكارانی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان و كۆڵۆنێل مایكڵ گاجیرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، سەردانی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەیان كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو دوو بەرپرسە باڵا سەربازییە كە ئەمركین، "ستایش"ـی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەیان بۆ ئەركەكەی كردووە و ڕایانگەیاندووە "بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاكسازی لە ناو هێزی پێشمەرگە و دروستكردنی هێزیكی نیشتمانیی ، هیوای زۆریان بە وەزیری پێشمەرگە هەیە". لەو ڕووەشەوە "پاڵپشتی و هاوكارییەكانی خۆیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات كردەوە".
جەنەڕاڵ مەكێنزی هیوای خواستووە "قۆناغێكی نوێی كاركردنی هاوبەشی دوورمەودا" لە وەزارەتی پێشمەرگە بێتە ئاراوە، كە تێدا "هەمووان پێكەوە بتوانن پڕۆسەی چاكسازی زیاتر پەرە پێ بدەن".

هاوكات كۆڵۆنێل گاجیرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، "دڵخۆشیی واشنتۆن"ـی بە گەڕانەوە بۆ ئەركەكەی گەیاندووەتە وەزیری پێشمەرگە وتوویەتی "ئومێد دەخوازین وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی گەورە و گرنگ بنێت لە پڕۆسەی چاكسازی و جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی (كارنامەی لێكتێگەیشتن)ی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و وەزارەتی پێشمەرگە".

پاش زیاتر لە ساڵێك دووركەوتنەوەی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ڕۆژى ٢٧-١١-٢٠٢٣ گەڕایەوە سەر ئەركەكەی و ڕایگەیاند "دۆخی خراپی ناو وەزارەتی پێشمەرگە مایەی نیگەرانیی من و دۆستەكانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە".

گەڕانەوەى شۆڕش ئیسماعیل پاش ئەو هۆشدارى و فشارانە هات کە ئەمریکا و وڵاتانى هاوپەیمان بە گشتی ئاراستەى پارتى و یەکێتییان کرد بۆ دیاریکردنى وەزیرێک بۆ وەزارەتى پێشمەرگە.

ئەو دوو حیزبە پاش ئەوەى نەیانتوانى لەسەر کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە ڕێک بکەون، دواجار شۆڕش ئیسماعیل بە بەڵێنى ئەوەى هەردوو حیزب لە پرۆسەى ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە پاڵپشتیى دەکەن و لەسەر داوا و بە پشتیوانیى هاوپەیمانان بە تایبەت ئەمریکا، گەڕایەوە بۆ ئەرکەکەى.

شۆڕش ئیسماعیل لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی "لەو ماوەیەی كە بە كۆمەڵێك هۆكاری نەخوازراو لە ئەركەكەم دووركەوتمەوە، وەزارەتی پێشمەرگە بە قۆناغێكی دژواردا تێپەڕیوە و پرۆسەی ڕێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكای پێشمەرگە خاو بووەتەوە".

وەزیری پێشمەرگە داوای لە لە یەكێتی و پارتی كرد كە "هاوكاریی تەواومان بكەن لەم ئەركە سەختەی پرۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەت و هێزی پێشمەرگە".