تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

04-06-2020 09:28

پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.

د.سەباح ھەورامی دەشڵێت: کۆچکردووەکە تەمەنی 53 ساڵە و دانیشتووی ناو شاری سلێمانییە. 

ئەوە شانزەھەمین حاڵەتی مردنە بە ڤایرۆسەكە کە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، ئەوەش لە كۆی زیاتر لە ٩٠٠ تووشبوو بە كۆرۆنا كە تائێستا نزیکەی ٤٥٠یان چاكبوونەتەوەو ڤایرۆسەكەیان پەڕاندووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای ماوەیەك لە نزمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان كە چەند ڕۆژێك لەسەر یەك هیچ حاڵەتێك تۆمار نەدەكرا، تەندروستیی هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان كە زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی بن.

حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە سلێمانی بەڕادەیەکی زۆر ھەڵکشاون، نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا فشارێکی زۆریان لەسەرە بەھۆی زۆریی نەخۆشەوە، تەندروستی سلێمانی نەخۆشخانەی جمھوریی تایبەت کردووە بە کۆرۆنا.