حکومەتی هەرێم سێ مووچە نەدراوەکەی ئەمساڵ پاشەکەوت دەکات

17-12-2023 03:05

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم بڕیاریدا مووچە نەدراوەکانی مانگەکانی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ پاشەکەوت بکات.

بەپێی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری سەربە وەزارەتی دارایی داوا لە وەزارەتەکە دەکات گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەربکات لەبارەی یەکلاکردنەوەی مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە کە پێویستە لەلایەنی ژمێریاری چارەسەر بکرێت و بە قەیدی ژمێریاری تۆمار بکرێت بە "مووچە شایستە نەدراوەکان".

ئەگەر مانگی داهاتوو حکومەتی هەرێم مووچە دابەش بکات، ئەو مووچەی مانگی 1ی 2024 دەبێت نەک مووچەی مانگی 10ی 2023 کە هێشتا نەدراوە، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەکە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم دەمێننەوە هاوشێوەی پاشەکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو.

حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی سەختدایەو دابەشنەکردنی مووچەی ئەو سێ مانگە شەپۆلێکی فراوان لە ناڕەزایەتیی و بایکۆتی لێکەوتووەتەوە بەتایبەت لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین کە هێشتا دەرگای ناوەندەکانی خوێندن نەکراونەتەوە.

هەرلەو چوارچێوەیەداو بۆ ئەوەی بەغدا سێ‌ مانگی دیكەش قەرزی 700 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ هەرێم بنێرێت تا مووچەی سێ مانگە نەدراوەکە دابەش بکرێت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند، جگە لە ناردنی نامە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەشی كردووە، مەسروور بارزانی وتی، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە كە "دەبێت لە مانگی 12دا جارێكی دیكە پاكتاوی دارایی بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن"، حكومەتی هەرێمیش چاوەڕێی ئەوە دەکات.

مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێککردنەوەی دابەشکردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک، هاوکات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەکەن. لەگەڵ ئەو داوایانەی مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیی بۆ مووچەکانی ئەمساڵیان، لە خۆپیشاندانەکاندا دۆسیەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی ساڵانی ڕابردووشیان هەڵدایەوەو داوای چارەنووسیان کرد.

پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.