گۆڕان لە بەغداد هەڵوێستی خۆی لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ڕاگەیاند

06-06-2020 01:53
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق

پەرەگراف

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەنگ بە هیچ كام لەو ناوانە نادەن كە بڕیارە ئەمڕۆ بۆ پۆستی چەند وەزارەتێكی كابینەكەی مستەفا كازمی دەنگیان پێ بدرێ.

هەڵوێستی فراكسیۆنەكە پیشاندانی سووربوونە لەسەر هەڵوێستەكانی ڕابردوویان كە دەنگیان بە كابینەكەی كازمیی نەدا، لەو ناوانەی ئەمڕۆ دەخرێنە دەنگدانەوە كاندیدانی پارتی‌و یەكێتی هەن بۆ وەزارەتەكانی دەرەوەو داد، فوئاد حسێن تاكە وەزیری كابینەی پێشووە كە ئەمڕۆ دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ بوونەوە بە وەزیر لە كابینەی نوێ، ئەو كە كاندیدی پارتی‌و مەسعود بارزانییە چانسی لە هەموو ئەوانی دیكە "لاوازترە" بۆ دەرچوونی لە پەرلەمان.

وەك ئاماژەیەك بۆ سووربوونی پارتی لەسەر كاندیدكردنی فوئاد حسێن، فراكسیۆنی گۆڕان بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت دەڵێت "بە توندی دژی ئەو نەریتە سیاسیەی بەشێك لە هێزە سیاسیە كوردستانیەكان دەوەستینەوە كە پرسی بەشداریكردن لە حكومەتی فیدراڵی عێراق لە مەسەلەیەكی نشتیمانی فراوانەوە بۆ ویستێكی حزبی و لەناو حزبیشدا بۆ ئەجێندایەكی تاكە كەسی بچوك دەكەنەوە و هەمو داواكاریان دەبێتە ئەوەی كەسێك وەك تاكە كاندید دەبێ بكرێتە وەزیر و لەو پێناوەشدا سازش لەسەر تێكرای مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن و ناچار بە چەندین رێكەوتن و بەندوباوی ژێر بەژێر دەبن بۆ تێپەڕاندی كاندیدە كەسی و حزبیەكانیان".

دەقی ڕاگەیەندراوێك لە فراكسیۆنی گۆڕانەوە

وەك فراكسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق لە دانیشتنی بەخشینی متمانە بە كابینەكەی بەرێز مستەفا كازمی رامانگەیاند كە دەنگ بە حكومەتەكەی نادەین. ئەمرۆش كە برگەیەكی دانیشتنی پەرلەمان تایبەتە بە تەواوكردنی ئەو كابینەیە جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكەینەوە و رایدەگەیەنین كە دەنگ بە هیچ كام لەو ناوانە نادەین كە بریارە ئەمرۆ بۆ پۆستی چەند وەزارەتێك دەنگیان پێ بدرێ.

لەسەرەتای متمانە بەخشین بەم كابینە نوێیە نیگەرانیی خۆمان لەوە دەربری كە بێ هیچ رێكەوتن و گرەنتیەك بۆ چارەسەری كێشە هەنوكەییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەت پرسی بودجە و موچە و مافەكانی پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی جوتیاران دەنگدان بەو كابینەیە بدرئت.

وەك فراكسیۆنی گۆڕان بە توندی دژی ئەو نەریتە سیاسیەی بەشێك لە هێزە سیاسیە كوردستانیەكان دەوەستینەوە كە پرسی بەشداریكردن لە حكومەتی فیدراڵی عێراق لە مەسەلەیەكی نشتیمانی فراوانەوە بۆ ویستێكی حزبی و لەناو حزبیشدا بۆ ئەجێندایەكی تاكە كەسی بچوك دەكەنەوە و هەمو داواكاریان دەبێتە ئەوەی كەسێك وەك تاكە كاندید دەبێ بكرێتە وەزیر و لەو پێناوەشدا سازش لەسەر تێكرای مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن و ناچار بە چەندین رێكەوتن و بەندوباوی ژێر بەژێر دەبن بۆ تێپەڕاندی كاندیدە كەسی و حزبیەكانیان.

ئێمە لە فراكسێۆنی گۆڕان پێمان وایە بەشداریكردن لە حكومەتی فیدراڵ دەبێ پرسێكی نیشتیمانی بێ نەك حزبی و شەخسی و لە دانوستانیشدا لەبری پچڕاندنی پۆست و پایە بۆ كەسێك، مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان ئەولەویەتیان هەبێت، بەتایبەت كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان و پرسی دابەشكردنی داهات لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و پاشان بەشدارییەكی هاوسەنگ لە حكومەتدا نەك كورتكردنەوەی هەمو ئەوانە لە یەك پۆست و یەك تاكە كەسدا.

ئێمە كە بەشدار نین لە كابینەكەی كازمی هەمو هەوڵێك دەخەینەگەڕ بۆ زیندو راگرتنی مافە دەستوریەكانی خەڵكی هەرێم بەتایبەت جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەردو حكومەت بە خێرایی بگەنە رێكەوتن سەبارەت بە دۆسێی نەوت و داهات و چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و مافەكانی پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی جوتیاران نەبێتە قوربانی نێوانیـان.

فراكسیۆنی گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٦ ی حوزەیرانی ۲٠۲٠
بەغداد