
پەرەگراف
كۆمپانیای فەیسبووك سەدان پەیجو ئەكاونتی سڕیوەتەوە كە زانیاریی ناڕاستیان بڵاوكردووەتەوە بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵك لە هەرێمی كوردستان، ئەو پەیجو ئەكاونتانە پەیوەست بوون بە دەزگای زانیاریی یەكێتیو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئێستای ئەو حیزبەو بە بڕی 270 هەزار دۆلار (27 دەفتەر) سپۆنسەریان كردووە تا بگەن بە زۆرترین كەس.
324 پەیج، 71 ئەكاونت، 5 گرووپ 31 ئەكاونت لە فەیسبووكو ئینستاگرام ئەوانە بوون كە لە چوارچێوەی كارەكانی مانگی ڕابردووی كۆمپانیای فەیسبووك دا لە هەرێمی كوردستان سڕاونەتەوە.
فەیسبووك لە ڕاپۆرتێكدا وردەكاریی سڕینەوەی ئەو پەیجو ئەكاونتانەی بڵاوكردووەتەوەو تێیدا دەڵێت، ئەم تۆڕە سوودی لە ئەكاونتی ساختە وەرگرتووە بۆئەوەی بە گرووپ پۆست بكەن، خۆیان وەك سیاسەتمەدارە لۆكاڵییەكان و پارتە سیاسییەكان بناسێنن و سەرپەرشتی ئەو پەیجانە بكەن كە خۆیان وەك سەرچاوەی هەواڵ ناساندبوو.
فەیسبووك ناوی دەزگای زانیاریی یەكێتی دەهێنێت كە لە پشت ئەو پەیجو ئەكاونتانەوە بوونو ئەوە دەخاتەڕوو، لێكۆڵینەوەكانیان چالاكیی ئەو پەیجو ئەكاونتانەی بەستووەتەوە بە هەندێك كەسایەتی پەیوەندیدار بە دەزگای زانیاریی، كە بەشێكە لە دامەزراوە هەواڵگرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق.
هاوكات وێنەو ناوی ژمارەیەك لەو پەیجە ساختەو چەواشەكارانە لە ڕاپۆرتەكەدا بڵاوكراونەتەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو كە چۆن پەیوەندییو هەماهەنگییان لەگەڵ یەكتر هەبووە. تێیاندا ئەمانە هەن؛ یەكێتی نوێ، شەفە تیڤی، پیوكەی سات، گەردەلوولی سەوز، ڕووماڵ، كەركوك پرێس، هەولێر پرێس، یەكێتی، ئەحۆل.
پەیجەكان چییان بڵاوكردووەتەوەو چۆن دۆزراونەتەوە؟
سەرەتا كۆمپانیای فەیسبووك گومانی لەو پەیجو ئەكاونتانە كردووەو بە ڕاپۆرتێك ئاڕاستەی دامەزراوەیەكی تایبەتی لێكۆڵینەوەی كردووە بە ناوی (گرافیكا) كە لە ئەمریكایە تاوەكو كاریان لەسەر بكرێت، پاشان گرافیكا لەوە دڵنیابووەتەوە كە ئەو پەیجانە ساختەنو چەواشەكاریی دەكەن، گرافیكا ناوی یەكێتی نیشتیمانیو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەو حیزبەی هێناوە وەك پەیوەست بوونو لە پشتبوونی ئەو پەیجو ئەكاونتانە.
بێن نیمۆ، یەكێك لە لێكۆڵەرانی نووسەری ڕاپۆرتەكەی گرافیكا لە تویتێكدا لەبارەی ڕاپۆرتەكەوە دەڵێت، نە گرافیكاو نە فەیسبووك ئامانجیان لێدان لە هیچ كەسێكی دیاریكراو نییەو پێشتریش لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین هەژماری دیكەی لەم جۆرە لە شوێنە جیاوازەكانی جیهان داخراون.
كۆمپانیای فەیسبووك لە ڕاپۆرتەكەیدا ئەوە دەخاتە ڕوو، بەردەوام كاردەكەن بۆ دۆزینەوە و ڕاگرتنی هەڵمەتە ڕێكخراوەكان كە ئامانجیان قۆرخكردنی ڕای گشتییە، بۆئەوەش دژی هەر جۆرە ڕەفتارێكی ناڕاست دەوەستنەوە، لەوانەش دروستكردنی بەشداریكردنی ساختە كە ئامانجیان قۆرخكردنی ڕای گشتییو بەلاڕێدابردنە.
لە مانگی ڕابردوودا فەیسبووك چالاكییەكانی دوو تۆڕی سڕیوەتەوە، یەكێكیان لە تونسو ئەوەی دیكەیان لە هەرێمی كوردستان بووە، لەبارەی ئەوەی كوردستان فەیسبووك ئەوەی خستووەتە ڕوو كە ئامانجی تۆڕەكە بینەری ناوخۆی هەرێم بووە.
فەیسبووك زانیاریی زیاتری ئاشكرا كردووە لەباری كاری ئەو پەیجو ئەكاونتە ساختانەوەو دەڵێت، بەشێوەیەكی سەرەكی بە كوردی و عەرەبی لەبارەی هەواڵە ناوخۆیی و سیاسییەكان پۆستیان كردووە، لەوانەش بابەتەكانی وەك سیاسەتی حكومەتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو سەركردایەتییەكەی، ڕەخنەگرتن لەو پارتو سیاسەتمەدارانەی كورد نەبوون وەك؛ پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕانو نەوەی نوێی ئۆپۆزیسیۆن.
لەبارەی ژمارەی لایكو فۆڵۆوەری ئەو پەیجو ئەكاونتانە، فەیسبووك دەڵێت، نزیكەی 4 ملیۆنو 400 هەزار كەس فۆڵۆوەری یەكێك یان زیاتر لەو پەیجانە بوون.
بە كۆی گشتیی ئەو تۆڕەی سڕاونەتەوە، بە نزیكەی 270 هەزار دۆلاریان(27 دەفتەر) بۆ ڕیكلام لە فەیسبووك خەرجكردووەو بەشی زۆریشی بە دۆلار بووە.
حیزبو كەسایەتییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارتیو یەكێتی، لە پشت سەدان پەیجو ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن كە سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی بابەتی ناڕاستو هێرشكردنەسەر ڕكابەرەكانیانن، بۆئەوەی بابەتەكانیان بە زۆرترین كەس بگاتو كاریگەریی دروست بكەن بە پارەیەكی زۆر سپۆنسەریان دەكەنو لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕێكخراوی چەواشەكارییدا بودجەی زەبەلاحیان بۆئەومەبەستە تەرخان كردووە، ئەوەش پێچەوانەی یاساو ئامانجی كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە لە ناویاندا فەیسبووك.