فوئاد حسێن بوو بە وەزیری دەرەوەو حاكم سالار بە وەزیری داد

06-06-2020 04:42
فوئاد حسێن - حاكم سلار

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا متمانەی بەخشی بە هەر حەوت كاندیدەكەی مستەفا كازمیی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەكەی، لە ناویاندا فوئاد حسێن بۆ وەزیری دەرەوە لە پشكی پارتی‌و حاكم سالار بۆ وەزیری داد لە پشكی یەكێتی، "ڕێككەوتن لە نێوان پارتی‌و یەكێتیدا هەبووە بۆ دەنگدان بە كاندیدانی یەكتریی".

پڕۆسەی متمانەی بەخشینەكە بەبێ هیچ بەربەستێك بە ئامادەبوونی 247 پەرلەمانتار بە خێرایی ئەنجام درا، بەڵام دەنگی پەرلەمانتاران نەژمێردرا تا بزانرێت هەر كاندیدێك چەند دەنگی بەدەست هێناوە، ئەوەش ناڕەزایی لێكەوتەوە.

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغداد لەو بارەیەوە لە تویتێكدا دەڵێت "وەزیرەكانی ئەمڕۆ بە گوزارشتی ڕەشی (زۆرینە دیارە) تێپەڕین نەك بە دەنگی ژمێردراوی پەرلەمانتاران، دەنگی ناڕەزایەتیمان بەرزكردەوە، وەڵامی سەرۆكی پەرلەمان ئەوەبو كە داوای ڤیدیۆی دانیشتنەكە بكەین بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان، ئەمە چ دەنگدانێكە كەس نەزانێ لە كۆی ئامادەبوان وەزیر چەند دەنگی هێناوە؟".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان لە نووسراوێكدا بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان، داوای ڤیدیۆی دانیشتنەكەی كردووە.

بەرلەوەی پڕۆسەكە بەڕێوەبچێت هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و ئایندە هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند كە دەنگ بە كاندیدەكان نادەن، پەرەگراف لە زاری چەند پەرلەمانتارێكەوە ئەوەی زانیوە، پەرلەمانتارانی دیكەی كوردی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتیش بەهەمانشێوە دەنگیان بە هەندێك لە كاندیدەكان نەداوە لەوانەش فوئاد حسێن كاندیدی پارتی.

بەرلەوەی كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت ڕێككەوتن لە نێوان لایەنەكانی ناو پەرلەمان كراوە بۆ دەرچوواندنی كاندیدەكانیان، بە وتەی سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار بۆ پەرەگراف، "یەكێك لەو ڕێككەوتنانە لە نێوان پارتی‌و یەكێتیدا بووە بۆ دەنگدانیان بە كاندیدەكانی یەكتریی، لەو چوارچێوەیەدا یەكێتی دەنگی بە فوئاد حسێن دا و پارتیش بە حاكم سالار".

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دوای متمانەدان بە تەواوی وەزیرانی كابینەكەی، لە توویتێكدا بە زمانی كوردی نووسیویەتی "سوپاس بۆ پەرلەمان كە دووبارە متمانەی بە حكومەتەكەمان بەخشییەوە، ئەوە هەنگاوێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانمان، وەفادار و پابەندین بەرامبەر گەلی عێراق. بەگەشبینی و ڕاستگۆییەوە داهاتوو بەڕێدەكەین".