مەسرور بارزانی: هێرشە دوژمنکارانەکەی ئێران بەهیچ شێوەیەک نابێت بێوەڵام بمێنێتەوە

16-01-2024 05:47
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، مووشەکبارانەکەی ئێران بۆسەر هەولێر بێپاساو و دوژمنکارانەیەو بەهیچ شێوەیەک نابێت بێوەڵام بمێنێتەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش سەردانی شوێنی مووشەکبارانەکەی کردو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت، ماڵی بازرگانێکی مەدەنییە.

مووشەکبارانەکەی ئێران بۆسەر هەولێر کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوەو، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو هێرش و دوژمنکارییە هیچ هۆکاری نییەو بێپاساوە و نابێت بەهیچ جۆرێک بێوەڵام بمێنێتەوە"

بارزانی، دەستخۆشی لە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد و وتی، هیوادارن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربێت بۆ کۆتایی هێنان بەو هێرشانە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی، هیوادارن تەنیا بە ئیدانەکردن کۆتایی نەیەت و عێراق هەڵوێستی جددی وەربگرێت.

سوپای پاسدارانی ئێران شەوی ڕابردوو بە ١١ مووشەک هەولێری بۆردومان کرد بە پاساوی لێدانە لە "بنکەی ئیسرائیل"، بەڵام ئەو پاساوە بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر ڕایگەیاند "چوار مووشەک لە پارێزگای کرماشان و حەوت مووشەک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتەوە ئاڕاستەی بارەگای زایۆنیستەکان کراون".

ئەمڕۆ لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووەو تێیدا پێشڕەو دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە کوژران، ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان مەدەنین.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دوای بینینی شوێنی مووشەکبارانەکە، ڕایگەیاند "ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی".

لەگەڵئەوەی حکومەتی عێراق بەردەوام هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی لەقەڵەمی دەدات، بەڵام ئێران بەردەوامە لە پەلامارەکانی و کاردانەوەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی قسەو دەرکردنی بەیاننامەدا ماونەتەوە.

مانگی ٣ی ساڵی ڕابردوویش، سوپای پاسدارانی ئێران هەر بە هەمان پاساوی لێدان لە بنکەی ئیسرائیل، ١٢ مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی هەولێر کرد و ماڵی شێخ باز کەریم سەرمایەداری دیار کرایە ئامانج و وێران کرا.

لەبارەی کردنە ئامانجی ماڵی سەرمایەدارانی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ وتی، بۆ ئەوانیش جێی پرسیارەو ئەوانەی کراونەتە ئامانج بە هیچ جۆرێک تێکەڵاوی کاری سیاسی و سەربازی نەبوون و سەرمایەداری سەرکەوتوو بوون و بە هەموو جۆرێک سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەن و دەبێت لەو لایەنانە پرسیار بکرێت کە بۆچی خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکەنە ئامانج.

هەرلە کاردانەوەی مووشەکبارانەکەی ئێراندا، سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ بە تووندی سەرکۆنەکردنی، ڕایگەیاند، به‌هانه‌ى سوپاى پاسداران بۆ هێرشه‌كه،‌ به‌ ته‌واوى بێ بنه‌ما و دووره‌ له‌ ڕاستييه‌وە، داوایش له‌ حكومه‌تى عێراق دەکات به‌په‌له‌ ده‌ست به‌ لێكۆڵينه‌وه‌ بكات بۆ ده‌رخستنى راستييه‌كان و ئه‌ركى خۆى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان به‌جێ بگه‌يه‌نێت و رێ له‌و هێرشانه‌ بگيرێت.