بارزانی و سوودانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە

17-01-2024 02:33

پەرەگراف

مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەیەکی پێشتر بڕیارلێدراویان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر هەولێر.

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە داڤۆس سەرۆکوەزیرانی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە، بەڵام هەردوو سەرۆکوەزیرانی وەک پیشاندانی هەڵوێستی ناڕەزایی کۆبوونەوەکانیان هەڵوەشاندەوە.

درەنگانی شەوی 15ی ئەم مانگە، ئاسمانی هەولێر بە 11 مووشەکی بالیستی ڕووناک بووەوەو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان گەورەو بچووکی ڕاچڵەکان، مووشەکەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکران.

مووشەکەکانی ئێران پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە کوژران، ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان مەدەنین.

سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کرد، پاساوێک کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

مووشەکبارانەکەی ئێران کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو هێرش و دوژمنکارییە هیچ هۆکاری نییەو بێپاساوە و نابێت بەهیچ جۆرێک بێوەڵام بمێنێتەوە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێم، دەستخۆشی لە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردو وتی، هیوادارن تەنیا بە ئیدانەکردن کۆتایی نەیەت و عێراق هەڵوێستی جددی وەربگرێت، داواشی کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربێت بۆ کۆتایی هێنان بەو هێرشانە.

لەگەڵئەوەی حکومەتی عێراق بەردەوام هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی لەقەڵەمی دەدات، ئێران بەردەوامە لە پەلامارەکانی و کاردانەوەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی قسەو دەرکردنی بەیاننامەدا ماونەتەوە، بەڵام هەڵوێستی ئەمجارەی عێراق جیاواز و تووندتر دەبینرێت بەرامبەر ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا هێرشەكەی ئێرانی ئیدانەکردو بە دوژمنكاری و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناوی برد، ئەوەشی خستەڕوو حكومەتی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنێت و سكاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار دەكات.

هەمان ڕۆژ لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووە.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دوای بینینی شوێنی مووشەکبارانەکە، ڕایگەیاند "ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی".

ئێران هەرگیز ڕەچاوی هەڵوێست و نیگەرانییەکانی عێراق و کوردستانی نەکردووەو هەرکات ویستبێتی بەبێ گوێدانە دراوسێیەتی و یاسای نێودەوڵەتی مووشەکبارانی هەرێمی کردووە.