وەزیری بەرگریی عێراق: ئەگەری هەیە ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرین

17-01-2024 03:32

پەرەگراف

وەزیری بەرگریی عێراق بۆردوومانكردنی هەولێر لەلایەن سوپای پاسدرانەوە بە "پێچەوانەی ڕێككەوتنی ئەمنی"ـی نێوان عێراق و ئێران ناو دەبات و دەڵێت "ئەگەری هەیە ڕێككەوتنەكە هەڵپەسێرین". دەشڵێت "هێرشەكە ئیدانە دەكەین و بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەكەینەوە".

سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق، بە كەناڵی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە "ئەو كارانەی ئێران زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان دەگەیەنێت و دەبوو هەر زانیارییەكی سەبارەت بە چالاكیی سیخوڕی لە هەولێر هەیە، بە دەسەڵاتدارانی عێراقی بدات تا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكەن".

ئەم لێدوانەى وەزیرى بەرگریى عێراق لە کاتێکدایە کە لەسەر ئاستى هەموو سەرۆکایەتییەکانى عێراق، بۆردوومانەکەى ئێران بە "پێشێلکردنى سەروەریى عێراق" ناو براوە و هەروەها "ئیدانە" کراوە. عێراق بڕیارى گرتنەبەرى ڕێکارى دیبلۆماسى و تۆمارکردنى سکاڵایشى دژى ئەو پێشێلکارییە داوە.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکەی ئێران "دوژمنانە و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پێشێلکاری نێودەوڵەتییە". دەشڵێت "چەند ڕێکارێکمان گرتووەتەبەر و ڕوو دەکەینە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کاتێک گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا دەبێت، عێراقییەکان باجەکەی دەدەن و ئێستاش کە گرژی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە، "ئێرانییەکان نایانەوێت یاخود ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بۆیە لە چواردەوری خۆیاندا بەدوای ئامانجێکی ئاساندا دەگەڕێن و هێرش دەکەنەسەر هەولێر".