پەكەكە شەهیدبوونی سەركردەیەكی ڕاگەیاند

08-06-2020 12:28
قاسم ئەنگین

پەرەگراف

پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) شەهیدبوونی قاسم ئەنگین، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكەی ڕاگەیاند.

پەكەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، قاسم ئەنگین(ئیسماعیل نازلكول) ڕۆژی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٠ لە هێرشێكی ئاسمانیی توركیادا بۆ سەر ناوچەی برادۆست لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بووە.

قاسم ئەنگین لە تەمەنی گەنجیدا بە پەكەكە ئاشنا بووەو ساڵی ١٩٨٩ بەشداریی ڕیزەكانی پەكەكە بووە. لە ساڵی ١٩٩٠دا لەگەڵ دەستەیەك لە هاوڕێكانیدا چووەتە لوبنان‌و لە ئاكادیمیای مەعسوم كۆركوماز خولی پەروەردەی بینیوەو عەبدوڵا ئۆجەلانی لە نزیكەوە ناسیوە.

توركیا لە هەرێمی كوردستان

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج بۆ لێدانی پەكەكە، ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵیش توركیا لە زینی وەرتێ بارەگایەكی پەكەكەی كردە ئامانج‌و سێ گەریلا شەهید بوون، هەمانكات بۆردومانی كەمپی مەخموری كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكەی شەهید كرد.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو هەزاران سەرباز دەبن‌و زۆرینەیان لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.

ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.