میترۆ ڕاپۆرتی ساڵانەی بڵاو كردەوە؛ پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە

17-01-2024 04:14

پەرەگراف

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ، لە ساڵی 2023دا 249 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان تۆمار كراون كە 37 حاڵەتیان دەستگیركردن بووە. بەراورد بە ساڵی 2022یش پێشێلكارییەكان بە ڕێژەی 42% كەمی كردووە.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەكە لە ساڵی 2023دا بەگشتی 249 پێشێلكاری بەرانبەر بە 247 ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، زۆرترین حاڵەتیان ڕێگریكردن و جیاكاری بووە كە 134 حاڵەتە.

هەروەها پێشێلكارییەكانی دیكە بریتیبوون لە "دەستبەسەركردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی: 38 حاڵەت، دەستگیركردن: 37 حاڵەت، هێرش و هەڕەشە و سوكایەتی: 27 حاڵەت، دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای ڕۆژنامەنووسی: 5 حاڵەت، هێرشی ئەلكترۆنی: 4 حاڵەت، شكاندنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی 2 حاڵەت و هەڵكوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسانیش 2 حاڵەت".

بەراورد بە ساڵی 2022، پێشێلكاری و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان بە ڕێژەی 42% كەمی كردووە، بە جۆرێك لە ساڵی 2022دا 431 حاڵەتی پێشێلكاری تۆمار كراوە، بەڵام لە 2023دا بۆ 249 حاڵەت كەمی كردووە، هەروەها دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسانیش لە 64 حاڵەتەوە بۆ 37 حاڵەت كەمی كردووە.