فوئاد حسێن: لە بەرامبەر هێرشەکەی ئێران ڕوودەکەینە ئەنجومەنی ئاسایش

17-01-2024 05:05

پەرەگراف

کاردانەوەکان لە دژی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر فراوانتردەبن و عێراق هەڵوێستەکانی تووندتر دەکات و دۆسیەکە دەباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەگەری هەیە ڕێککەوتنی ئەمنییش لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرێت.

لەگەڵئەوەی عێراق بەردەوام هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی لەقەڵەمی دەدات، ئێران بەردەوامە لە پەلامارەکانی و کاردانەوەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی قسەو دەرکردنی بەیاننامەدا بوون، بەڵام هەڵوێستی ئەمجارەی عێراق جیاواز و تووندتر دەبینرێت بەرامبەر ئێران و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی هەیە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کاتێک گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا دەبێت، عێراقییەکان باجەکەی دەدەن و ئێستاش کە گرژی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە، "ئێرانییەکان نایانەوێت یاخود ناتوانن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بۆیە لە چواردەوری خۆیاندا بەدوای ئامانجێکی ئاساندا دەگەڕێن و هێرش دەکەنەسەر هەولێر".

وەزیری دەرەوەی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکەی ئێران "دوژمنانە و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پێشێلکاری نێودەوڵەتییە"، دەشڵێت "چەند ڕێکارێکمان گرتووەتەبەرو ڕوودەکەینە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

لە وەڵامی ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێت چی بکات؟ فوئاد حسێن دەڵێت "پێموایە پشتگیرییەکی گەورە بۆ هەڵوێستی عێراق دروست دەبێت لە دژی ئێران و لە ڕاستیدا ئێران لە جیهان دابڕاوە، بۆیە ئەگەر عێراق بچێتە ئەنجومەنی ئاسایش، ئەوە کێشەیەکی گەورە بۆ تاران دروست دەکات، بە تایبەت کە عێراق بە هاوپەیمانی ئێران دادەنرێت".

هەروەها کۆمکاری عەرەبی ئەمڕۆ بڕیاریدا کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر ئەنجام بدات و ئەحمەد ئەبوغیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکارەکە ئیدانەی هێرشەکەی کرد.

عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لە نێوانیاندا هەیەو بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنورەکانی ئێران دوورخرانەوە، سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق، بۆردوومانكردنی هەولێری لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە پێچەوانەی ئەو ڕێككەوتنە ئەمنییە لەقەڵەمداو ڕایگەیاند: "ئەگەری هەیە ڕێككەوتنەكە هەڵپەسێرین".

وەزیری بەرگری عێراق وتیشی: ئەو كارانەی ئێران زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان دەگەیەنێت و دەبوو هەر زانیارییەكی سەبارەت بە چالاكیی سیخوڕی لە هەولێر هەیە، بە دەسەڵاتدارانی عێراقی بدات تا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكەن.

سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کردو سوورە لەسەر ڕاستیی ئەو پڕوپاگەندەیەی کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

درەنگانی شەوی 15ی ئەم مانگە، ئاسمانی هەولێر بە 11 مووشەکی بالیستی ڕووناک بووەوەو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان گەورەو بچووکی ڕاچڵەکان، مووشەکەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکران.

مووشەکەکانی ئێران پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە کوژران، ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان مەدەنین.

چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووەو ڕایگەیاند: ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی.