مەسعود بارزانی: ناچینە ژێر باری سەپاندنی بڕیار و سیاسەتی خۆسەپێن لە لایەن هیچ وڵاتێک

17-01-2024 08:03
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا

پەرەگراف

مەسعود بازرانی ڕایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان هاوسەنگ و دۆستانەبن، "بەڵام ناچینە ژێر باری سەپاندنی بڕیار و سیاسەتی خۆسەپێن لە لایەن هیچ وڵاتێک و دەستبەرداری بەها بەرز و پیرۆزەکانی خۆمان و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان نابین لە ژێر هیچ فشار و پەلامارێکدا".

بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، وتیشی "ئەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدان کرایە سەر هەولێر بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما، زوڵمێکی گەورە بوو لە گەلی کوردستان کرا و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو. بەم جۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێ بەڵکو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت".

هاوکات ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، لە پەیامێکدا لە فەیسبوک دەڵێت : لە هەولێرم بۆ پیشاندانی هاودەنگی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوای هێرشە ترسناکەکەی ئێران.

دقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە

ڕۆژی چوارشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی بریتانیا بە سەرۆک بارزانی راگەیاند کە سەردانەکەیان بۆ گەیاندنی هاوسۆزی  و پشتیوانیی وڵاتەکەیە بۆ خەڵک و هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ئەو پەلامارە بێ پاساوانەی کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی خۆی گەیاندە سەرۆک بارزانی بۆ شەهیدبوونی چەند هاوڵاتیەکی سڤیل لەو رووداوەدا. هەروەها باڵیۆزی بریتانیا رایگەیاند کە بریتانیا ڕێز لە پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری خاکی عێراق دەگرێت و نابێت عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێنە گۆڕەپانی توندوتیژی وڵاتانی ناوچەکە و پێویستە عێراق و وڵاتانی دراوسێ ڕێز لە سەروەری خاکی یەکتر بگرن.

سەرۆک بارزانی سوپاسی پشتیوانی و هاوسۆزی و هاوخەمیی باڵیۆز و حکومەتی بریتانیای کرد، بەناوی گەلی کوردستان و بنەماڵەی شەهید و قوربانیانی کارەساتەکەی هەولێر سوپاسی گەڵ و حکومەتی بریتانیای کرد. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەمیشە خوازیاری هەبوونی پەیوەندی دۆستانە و بەهێزی هەرێمی کوردستان و عێراقین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش. هەروەها سەرۆک بارزانی رایگەیاند ئەو هێرشەی لەلایەن سوپای پاسدان کرایە سەر هەولێر بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما، زوڵمێکی گەورە بوو لە گەلی کوردستان کرا و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو. سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوەدا کە بەم جۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێ بەڵکو بەهێزتر و پتەوتر دەبێت.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی هێمای بەوەشدا هەرگیز لەگەل گرژی و ئالۆزی و تێکچوونی پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ وڵاتێک نین بە پێچەوانەوە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان هاوسەنگ و دۆستانەبن،

بەڵام ناچینە ژێر باری سەپاندنی بڕیار و سیاسەتی خۆسەپێن لە لایەن هیچ وڵاتێک و دەستبەرداری بەها بەرز و پیرۆزەکانی خۆمان و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان نابین لە ژێر هیچ فشار و پەلامارێکدا.