وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەكات

18-01-2024 02:48

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق، هاوشێوەی هەموو دامەزراوەكانی دیكەی وڵات داوا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەكات لیستی خەرجیی مووچە بنێرێت، تا لەسەر بنەمای ئەوە پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكەن. دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییش ئەو نووسراوە بە جێبەجێكردنی بەڵێنێك لێك دەدەنەوە كە سوودانی لە كۆبوونەوەكەی بەغداد پێی داون.

د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "بەپێی نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هاوشێوەی سەرجەم دامودەزگاكانی تری دەوڵەت، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم كراوە لیستی خەرجیی مووچەی فەرمانبەران مانگانە بۆ مانگی یەك (كانوونی دووەم) و مانگەكانی دواتر بدەنە فەرمانگەی ژمێركاری وەزارەت، یان گەنجینەی پارێزگاكان".

نووسراوەكە تایبەتە بە پێداویستیی "پارەداركردن بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی ٢٠٢٤" و د. نەرمین مەعرووف دەڵێت "لیستی مووچە دەبێت بە جۆرێك بێت كە تەواوی زانیارییەكانی ناوی مووچەخۆر و بڕی مووچە و دەرماڵە و لێبڕینەكانی تێدا بێت".

پاش بڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوە، دوو ئەندامی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی كە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ سوودانی كۆبوونەوە، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵێنی ئەوەی پێ داین كە پارە نانێرێتە هەولێر و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی گەنجینەی سلێمانییەوە پارەكە دەنێرن و بەسەر فەرمانگەكانی سلێمانیدا دابەش دەكرێت".

دڵشاد میرانی و سامان عەلی، كە دوو مامۆستای ئەندامی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازین، دەڵێن "ئەم بەڵێنە لەم نووسراوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە ڕوونی هەستی پێ دەكرێت".

هەروەها دەڵێن، سوودانی بەڵێنی ئەوەی پێ‌ داون كە "یەكەم پارێزگا لە سلێمانییەوە دەست پێ دەكەن، هەرچەندە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی كەمێك كارەكە سەختترە و كات و تێچووی زیاترە".

"هیوادارین گەنجینەی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان (كە هەموویان بە سلێمانی حیسابن) ئەگەر هەڵە نەبین، هەر زوو لیستی مووچەی سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران و هەمووان بنێرن، هەتا زوو وەربگیرێت و دابەش بكرێت"، دڵشاد میرانی و سامان عەلی وا دەڵێن.