پاكستان بە هێرشی هاوشێوە وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی ئێرانی دایەوە و "نۆ" كەس كوژراون

18-01-2024 02:25

پەرەگراف

پاكستان لە وەڵامی هێرشە مووشەكییەكەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری ئێران بۆ سەر ناوچەیەكی وڵاتەكەی، هێرشی بۆ سەر ناوچەیەكی سنووریی ئێران ئەنجام دا و ڕایگەیاند "مۆڵگەی گرووپی تیرۆریستی"ـی كردووەتە ئامانج. ئێران دەڵێت "نۆ كەس گیانیان لەدەست داوە كە هاووڵاتیی مەدەنین".

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران، ڕایگەیاند "لە هێرشەكەی پاكستاندا چوار منداڵ، سێ‌ ژن و دوو پیاو گیانیان لەدەست داوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران "ئیدانە"ـی هێرشەكەی پاكستانی كرد و وتەبێژی وەزارەتەكە ڕایگەیاند، باڵیۆزی پاكستان بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كراوە تا بە فەرمی ناڕەزایی ئێران سەبارەت بە هێرشەكەی پێ‌ ڕابگەیەنن و داوای ڕوونكردنەوەی دەوڵەتی پاكستان سەبارەت بە هێرشەكە بكەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاكستان گوندێكی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران بە ژمارەیەك مووشەك بۆردوومان كرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەڵێت "ژمارەیەك تیرۆریست لە هێرشەكەدا كوژراون". بەڵام ئێران دەڵێت "قوربانییەكان هاووڵاتیی مەدەنین".

پاكستان بانگەشەی ئەوە دەكات كە حەوت خاڵی لە سێ‌ ناوچەی سیستان و بەلووچستان كردووەتە ئامانج و مۆڵگەی گرووپە چەكدارییە بەلووچییەكانی ناسراو بە (سەرمەچار)ـی دژبەری وڵاتەكەی خاپوور كردووە.

گرووپی چەكداریی (سەرمەچار) كە لە چەكدارە دژبەرەكانی بە ڕەگەز بەلووچ و ئەفغانی پێك دێن، لەلایەن ئێران و پاكستانەوە بە "گرووپی تیرۆریستی" ناو دەبرێن.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئێران ڕایگەیاند كە هێرشی مووشەكیی كردووەتە سەر گرووپی چەكداریی جەیشولعەدل لەناو خاكی پاكستان، كە گرووپێكی سوننەمەزهەبی دژبەری ئێرانن. هێرشەكە كوژرانی دوو كەسی لێ‌ كەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی پاكستان لە كاردانەوەدا باڵیۆزی وڵاتەكەی لە تاران كشاندەوە و ڕێگریی كرد لە گەڕانەوەی باڵیۆزی ئێران بۆ پاكستان. ڕایشیگەیاند "ئەو هێرشەی ئێران لەناو پاكستان ئەنجامی داوە، نایاساییە و قبووڵ ناكرێت و مافی وەڵامدانەوەمان هەیە". پاكستان هێرشەكەی ئەمڕۆی بە "وەڵام" بۆ هێرشەكەی ئێران ناو بردووە.