سوودانی: كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سەقامگیریی عێراق گرنگە

18-01-2024 03:33

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق جارێكی دیكە جەخت لە پێویستیی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ سەقامگیریی عێراق گرنگە و دەبێت خشتەیەكی بۆ دابنرێت".

لە پانێڵێكدا لە كۆڕبەندی داڤۆس، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، باسی پرسە جیاوازە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكانی پەیوەست بە عێراقی كرد.

سەرۆكوەزیرانی عێراق وتی "پێزانین و ڕێزمان بۆ هەڵوێستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وەستانی لەگەڵ ئێمە لە دژی داعش هەیە، بەڵام ئێستا ئامادەیی هێزە چەكدارەكان فاكتەری سەقامگیرییە بۆ عێراق، هەر بەو هۆیەوە كار دەكەین بۆ ڕێكخستنی گفتوگۆیەك لەپێناو كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق".

سوودانی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانانی بە "داواكاریی جەماوەری" ناو برد و ڕایگەیاند "كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و بەردەوامبوونی پەیوەندییە باشەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانی، پێویست و گرنگە".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمەریكا، محەمەد شیاع سوودانی وتی "ئێران وڵاتێكی دراوسێیە و لەگەڵمان دژی داعش وەستا، هەروەها بەرژەوەندیمان لەگەڵ ئەمەریكا هەیە و لە ڕووخاندنی ڕژێم لەگەڵماندا بوو". هاوكات جەختی كردەوە كە "وەكوو چۆن ڕێگە بە دەستوەردان لە وڵاتانی دیكە نادەین، ڕێگەیش نادەین دەستوەردان لە كاروباری ئێمەدا بكرێت".

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەگەڵ جەختكردنەوەی لەوەی كە "تەنیا پشتبەستن بە نەوت وەكوو تاكە سەرچاوەی داهات، كارێكی هەڵەیە"، وتی "پلانمان داناوە بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت لە لەسەدا ٩٥ـەوە بۆ لەسەدا ٨٠".

"ڕوومان لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەكان كردووە، لەوانە پرۆژەی ڕێگای گەشە و كەرتی پترۆكیمیاوی بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات"، سەرۆكوەزیرانی عێراق وا دەڵێت.

سوودانی ڕەخنەیشی لە بەشێك لە میدیا و ئاژانسەكانی هەواڵ گرت كە "وێنەیەكی ڕاستەقینەی عێراق نیشان نادەن". ئەوەیشی بە یەكێك لەو "ئاڵنگاری"یانە ناو برد كە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.