درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە

19-01-2024 12:36

پەرەگراف

دژەتیرۆری پارتی دواى ڕەتکردنەوەى هەواڵى هێرشێکى درۆنى بۆ سەر فڕۆکەخانەى هەولێر لە ئێوارەى ئەمڕۆدا، درەنگانێکى ئەمشەو خستنەخوارەوەى درۆنێکى ڕاگەیاند کە ئاراستەى فڕۆکەخانەکە کراوە.

دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند "ئەمشەو پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 23:06، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە".

ئێوارەى ئەمڕۆیش هەواڵى تێکشکاندنى هێرشێکى هاوشێوە لە ژمارەیەک میدیا بڵاو کرایەوە، بەڵام دژەتیرۆری پارتی وتى "لە ژمارەیەك میدیا و كەناڵی ڕاگەیاندن وا بڵاو كرایەوە گوایە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین كە ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە، هیچ هێرشێك ڕووی نەداوە و هیچ درۆنێكیش نەخراوەتە خوارەوە".

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ڕابردوو، ناوچەکە پێیناوەتە قۆناغێکی نوێ لە گرژیی و ئاڵۆزیی و پەرەسەندنی زیاتری ململانێ و پێکدادان و عێراق و کوردستانیش بەدەرنین لە پریشکی ئاگری شەڕەکان.

میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"و لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعە پێكدێن، لە سێ مانگی ڕابردوودا ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە، دەیان هێرشیشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی هەریرو هەولێر بە پاساوی هێرش بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانان.

ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت کە بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هێرشەکان ڕابگرێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە "تیرۆریستی" لەقەڵەمیان دەدات، بەڵام توانای بەسەر میلیشیاکاندا ناشکێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئەمەریکا چەند جارێک بۆدرومانی بارەگای ئەو گروپانەی کردووەو چەندین چەکداری سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی کوشتووە کە بەشێکن لە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی.