بانكی ناوەندی هەنگاوێکى دیکە بە ئاراستەی جێگیركردنی بەهای دینار دەنێت

18-01-2024 11:44

پەرەگراف

بانكی ناوەندی كۆتایی بە سەكۆی ئەلەكترۆنیی دۆلار دەهێنێت و هەنگاوێكی دیكە بە ئاراستەی جێگیركردنی بەهای دینار دەنێت. ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "لەم هەنگاوەدا بانكی ناوەندی ژمارەیەك ڕێكار دەگرێتە بەر، ئەگەر سەكەوتوو بن، كاریگەریی باشی لەسەر جێگیركردنی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار و دراوەكانی دیكەش دەبێت".

د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نووسراوێكی بانكی ناوەندیی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "بەپێی نووسراوەكە كە ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١/١٨ دەركراوە و ئاراستەی بانكە موڵەتپێدراوەكانی كردووە، بانكی ناوەندی تا كۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٤، كۆتایی بە كاركردن بە سەكۆی ئەلەكترۆنیی حەواڵەكردنی دۆلار دەهێنێت كە لە ساڵی پارەوە كەوتووەتە كار".

د. نەرمین مەعرووف دەڵێت "ئەم هەنگاوە لەپێناو پێشخستنی كەرتی بانكی و هاندانی بانكەكانە بۆ دروستكردنی پەیوەندیی دارایی و بانكیی پتەو لەگەڵ بانك و دامەزراوە داراییە جیهانییەكان".

لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە بانكە عێراقییەكان چەند ڕێكارێكی دارایی و كارگێڕی بگرنەبەر، تا بتوانن "ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ بانكە پەیامنێرەكان لە دەرەوەی وڵات ببەستن".

وەكوو ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی پێ‌ داوە، كاری سەكۆ ئەلەكترۆنییەكە لە ساڵانی داهاتوو تەنها دەبێتە "چاودێری و وردبینیكردنی پرۆسەكە".

د. نەرمین مەعرووف كە هاوكات پسپۆڕی ئابوورییە، دەشڵێت "بەگشتی گەر ئەم ڕێكارانە سەركەوتوو بن، ئەوا كاریگەرییەكی باشی لە پێشخستنی كەرتی بانكیی عێراق، باشتركردنی تەرازووی بازرگانی و جێگیركردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەكانی تر دەبێت".