23 تووشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە؛ چ شوێنێك ناوچەی مەترسیدارە؟

08-06-2020 03:10

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، گیان لەدەستدانی تووشبوویەكی دیكەی كۆرۆنای لە پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند، ئەوە 23هەمین حاڵەتی گیان لەدەستدانە لەو پارێزگایە، تەندروستی سلێمانی دواین زانیاریی دۆخی شارەكەو ناوچە مەترسیدارەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بۆ پەرەگراف دەخاتە ڕوو.

ئەو دواین كەسەی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، پیاوێكی تەمەن ٦٦ ساڵەو دانیشتووی قەزای سەید سادق بووە، دوای خەواندن و مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

د.هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "ئەو پیاوە كاتژمێری 2ی شەوی ڕابردوو گیانی لەدەستداوە، باری تەندروستی ناجێگیر بوو، چەند نەخۆشییەكی درێژخایەنیشی هەبوو".

سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم خراپترین دۆخی هەیە، د.هێرش سەلیم دەڵێت، تێبینییان كردووە ئەمڕۆ بارودۆخەكە جیاوازەو خەڵك زیاتر پابەندە لە دوێنێ‌و هیوادارن سبەینێ لە ئەمڕۆ باشتر بێت.

لەبارەی ناوچە مەترسیدارەكانی ناو سەنتەری سلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی ئاماژەی بەوەكرد، هەموو شوێنێك زۆنی مەترسیدارە لەناو سەنتەری سلێمانی لەبەرئەوەی لە زۆربەی زۆری گەڕەكەكان حاڵەتی كۆرۆنا تۆمار كراوە، وتیشی "ناوچەی شەقامی 30 مەترییەكە زۆربەی زۆری بە زۆنی مەترسیدار دادەنرێت، شوێنە قەرەباڵغەكانی ناوبازاڕیش هەموویان شوێنی مەترسیدارن، بەڵام ئەوەنییە بڵێین لە شوێنێكدا نییە، لە زۆربەی گەڕەكەكان حاڵەت هەیە".

زۆرترین ڕێژەی تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لە سلێمانی بووە، لە كۆی 27 حاڵەتی مردن لە هەرێم، 23یان لە سلێمانی‌و 4یان لە هەولێر بووە، هەروەها لە كۆی تووشبووانی هەرێم كە 1324 تووشبوون، زیاتر لە نیوەیان لە سلێمانی تۆمار كراون كە 810 حاڵەتن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 3 حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبووە كە سەرجەمیان لە سلێمانی بووەو لە كۆی 102 حاڵەتی تووشبوونی نوێ 85یان لە سلێمانی بووە.

سلێمانی سنورێكی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیە‌و چەند دەروازەیەكی فەرمیی‌و نافەرمی لە نێوانیاندا هەیە، ئەو وڵاتەش ڕێژەیەكی بەرزی مردن‌و تووشبوونی بە ڤایرۆسەكەی تێدایە.

لەبارەی ڕازیبوونی تەندروستیی لە دۆخی دەروازە سنورییەكان‌و هاتووچۆی خەڵك، د. هێرش وتی "ئێمە چاودێریی دەكەین، جارێكی دیكە پێداچوونەوەمان كردووەو تیمەكانمان ڕێكخستووەتەوە، تێبینی دەكەین بزانین ئایا گۆڕانكاریی بەسەر دەروازە سنورییەكاندا دێت یاخود نا، ئەگەر نەیەت ئەوە هۆشداریی دەدەین‌و لایەنی بەرپرس ئاگادار دەكەینەوە".

تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی بەسەر 6 شوێندا دابەشكراون، دوو شوێنیان ئوتێلن ئەو كەسانەی تێدایە كە تەنها نیشانەی نەخۆشییەكەیان هەیە، چوار شوێنەكەی دیكەش نەخۆشخانەكانن‌و ئەوانەی تێدایە كە نەخۆشیی كۆرۆنایان هەیەو لە ئێستادا دەوروبەری 15 نەخۆش لە دۆخێكی خراپدان.

تائێستا ڕێژەی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان %2و چارەسەركراوان لەسەدا 41، هاوكات لەسەدا 57ی تووشبووان ئێستا لەژێر چارەسەردان.