ژووری بازرگانی هەولێر بۆ بازرگان و هاووڵاتییان: بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن

19-01-2024 10:12
ماڵی پێشڕەو دزەیی ئەندامی ژووری بازرگانی هەولێر کە ئێران بە مووشەک بۆردومانی کرد

پەرەگراف

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر داوا لە بازرگان و هاووڵاتییان دەکات: بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.

دەقی راگەیەندراوی ژوورى بازرگانى و پیشەسازیى هەولێر

وەک هەموو لایەک ئاگادارن شەوی 15ى ئەم مانگە، لەئاکامى هێرش و پەلامار و موشەکبارانى ناڕەوا و زاڵمانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر شارى هەولێر، کە بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەک خەڵكی سڤیل و بێتاوانیان لە شوێنى نیشتەجێبوون کردە ئامانج و بە داخەوە جگە لە شەهید بوونى پێشڕەو دزەیی کە سەرمایەدارێکی ناودار و دیاری شارەکەمان و ئەندامێکی کارای ژوورەکەمان بوو، ژیناى تەمەن کەمتر لە یەک ساڵەى کچى و کەرەم میخائیل کە بازرگانێکى دیکەى دیارى عێراق بوو شەهید بوون و چەندین کەسى دیکە بێتاوان و ئەندامانی خانەوادەکەشى بریندار بوون، ئەو هێرش و پەلامارانەى هێزەکانى ئێران کە چەندینجاری دیکەش بەبێ پاساو و بەبیانووی جۆراوجۆر و بە بێ گوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانى مافەکانی مرۆڤ کراوەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، مەبەست لێى تەنها شێواندن و تێکدانی ئەو ئاسایش و ئارامییە کە لە هەرێمی  کورستان بەرقەرارە.

وێڕاى ئەوەى بە توندی سەرکۆنە و ئیدانە و شەرمەزاری ئەو پەلامار و هێرش و تاوان و زوڵم و تەعدایەى هێزەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەین بۆ سەر خاکى نیشتیمان، داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی دەکەین، ئەگەرچی هەرێمى کوردستان بەتایبەتى هەولێرى پایتەخت بازاڕێکی گرنگی ساغکرنەوەی بەرهەمەکانى ئێرانە کە ڕۆژانە هاوردەی کوردستان و عێراق دەکرێت، بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر

2024.1.19