ژووری بازرگانیی دهۆك: بەرهەمی خۆماڵی و وڵاتانی دیكە دەكەنیە جێگرەوەی بەرهەمی ئێرانی

20-01-2024 02:37

پەرەگراف

هەولێر و دهۆک بایکۆتى کاڵاى ئێرانى دەکەن و سلێمانى بێدەنگە. لە كاردانەوەی هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆكیش داوا لە بازرگانان دەكات كە لەبریی كاڵای ئێرانی، پەرە بە كاڵای خۆماڵی و وڵاتانی دیكە بدەن و دەڵێت "بەرهەمی خۆماڵی و وڵاتانی دیكە دەكەینە جێگرەوەی بەرهەمی ئێرانی".

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆك لە ڕاگەیەندراوێكدا ئیدانەی هێرشەكەی سوپای پاسدارانی بۆ سەر هەولێر كرد و لەبارەی بایكۆتكردنی كاڵای ئێرانییەوە ڕایگەیاند "لەبەر ئەوەی ژمارەیەك گەورەی بەرهەمی ئێرانی لە بازاڕەكانماندا هەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆك بە وردی لێكۆڵینەوە لەسەر دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانەكانمان دەكەین، بۆ ئەوەی شوێنی بەرهەمی ئێرانی بە بەرهەمی اوخۆیی و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە و جیهان پڕبكەینەوە".

ئەمە پاش ئەوە دێت کە دوێنێ‌ هەینی 19-1-2024 لە هەنگاوێكی هاوشێوەدا، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر داوای لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان بە گشتی كرد، "بایكۆتی هێنان و بەكارهێنانی كاڵاكانی ئێران بكەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن".

تا ئێستا ژووری بازرگانیی سلێمانی هیچ هەنگاوێكی بۆ بایكۆتكردنی كاڵای ئێرانی نەناوە و بێدەنگیى هەڵبژاردووە.