ژمارەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بە تەلەفۆن بانگ دەكرێن بۆ ئاسایش و ڕادەگیرێن

20-01-2024 03:27

پەرەگراف

بەیانیی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بە تەلەفۆن بانگ كراون بۆ ئاسایشی سلێمانی و ئەوانەی كە ڕۆیسشتوون ماوەی چەند كاتژمێرێكە لە ئاسایش ڕاگیراون و نەگەڕاونەتەوە.

مامۆستا سامان عەلى، ئەندامی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پێنج ئەندامی دەستەكەمان و چوار ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و ژمارەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژیش بەیانیی ئەمڕۆ پەیوەندییان پێوە كراوە كە كاتژمێر 10 بچنە ئاسایش".

ئەو ئەندامەی دەستەی داكۆكی وتیشی "ئێمە بەشێكمان لە ڕێگادا بووین بۆ بەغداد بۆ ئەوەی سبەینێ‌ بەشداری لە دانیشتنی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سكاڵاكەمان لەسەر پلەبەرزكردنەوە بكەین، لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە تەلەفۆن بۆ سێ‌ ئەنداممان كرا".

"ئەو كەسەی تەلەفۆنی كرد، زۆر بە ڕێزەوە قسەی كرد و داوای لێ‌ كردن كە كاتژمێر 10 سەردانی ئاسایش بكەن"، مامۆستا سامان عەلی بۆ پەرەگراف وای وت.

دلاوەر عەلی، ئەندامی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و محەمەد كەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ و عادل حەسەن و سامان تاهیر، ئەندامانی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لەو مامۆستایانەن كە لەلایەن ئاسایشەوە تەلەفۆنیان بۆ كراوە و لە كاتژمێر 10ـەوە چوونەتە ئاسایشی سلێمانی، بەڵام تا كاتژمێر 3ـی ئێوارە كە پەرەگراف بەدواداچوونی بۆ كرد، هێشتا نەگەڕاونەتەوە.

بەشێك لەو مامۆستایانەی كە پەیوەندییان پێوە كراوە، ئامادە نەبوون بچن بۆ ئاسایش، هەندێكشیان لە ڕێگادا بوون بۆ بەغدا بۆ بەشداری لە دانیشتنی سبەینێی دادگای فیدراڵی و نەگەڕاونتەوە.