وەزارەتی پەروەردە بۆ ناوەندەکانی خوێندن: خولەکێک ڕاوەستن لەگەڵ سرودی ئەی ڕەقیب

20-01-2024 05:24
ماڵی پێشڕەو دزەیی دوای مووشەکبارانەکەی ئێران.

پەرەگراف

وەزارەتی پەروەردە داوا لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی دەکات، سبەینێ خولەکێک ڕاوەستان لەگەڵ سرودی ئەی ڕەقیب بەر لە دەستپێکردنی وانەی یەکەم ئەنجام بدرێت.

"بەمەبەستی سەرکۆنەکردنی تاوانی هێرش کردنە سەر  هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی ئەو تاوانە و بریندارەکانی" وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت.

دەشڵێت "بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن گوتارێک پێشکەش بکەن لەبارەی ئەو ستەم و تاوانە کە هیچ بیانوویەکی نەبوە و نییە، هەروەها جەخت لە گەیاندنی پەیامی خۆراگریی و ئیرادە بەرزی کوردستانیان و ئاشتیخوازی بکەنەوە".

درەنگانی شەوی 15ی ئەم مانگە، ئاسمانی هەولێر بە 11 مووشەکی بالیستی ڕووناک بووەوەو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان گەورەو بچووکی ڕاچڵەکان، مووشەکەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکران.

مووشەکەکانی ئێران پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە شەهید کران و هێشتا تەرمی کارگوزارەکە نەدۆزراوەتەوە، خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵی دیکەشی برینداربوون.

سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کردو سوورە لەسەر ڕاستیی ئەو پڕوپاگەندەیەی کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووەو ڕایگەیاند: ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی.