خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستاو فەرمانبەران بۆ مووچە بەردەوامە

21-01-2024 11:53
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی.

پەرەگراف

خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین ئەمڕۆیش بەردەوامەو سوورن لەسەر بایکۆت تا جێبەجێکردنی داواکانیان.

هەرچەندە خۆپیشاندانەکان فراوانن بە تایبەت لە سلێمانی، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندنی ناوچەکانی بیکۆت ئەمڕۆ دەوام دەستی پێکردووەتەوە.

بەردەوامیی خۆپیشاندان دوای ئەوەدێت حکومەتی هەرێم فشارەکانی تووندتر کردووەتەوە بۆسەر مامۆستایان تا بایکۆت بشکێنن، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر هەڵوێستەکانیان.

لە چوارچێوەی فشارەکاندا، دوێنێ ژمارەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بە تەلەفۆن بانگ كران بۆ ئاسایشی سلێمانی و ئەوانەی ماوەی چەند كاتژمێرێك لە ئاسایش ڕاگیران و هۆشدارییان پێدراوە بەردەوام نەبن لە خۆپیشاندان.

مامۆستاو فەرمانبەران پێنج داواكارییان ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ شكاندنی بایكۆت، چوار لە داواكارییەكان بریتین لە، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ پێدانی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک.

داواكاری پێنجەمیش ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری یاسای بودجەی عێراقدا، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت.

وەرزی یەکەمی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە بایکۆت کۆتایی هات، ئێستا کە وەرزی دووەم لە هەولێرو دهۆک دەستی پێکردووە، هێشتا بایکۆت لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندنی ئەو ناوچانە بەردەوامەو مەترسی لەسەر فەوتانی خوێندنی ساڵێکی هەزاران خوێندکار لە ئارادایە.

لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندان و بایکۆت، پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی بڵاوكردەوە بۆ ناوچەکانی بایکۆت، بەپێی ساڵنامەکە؛ لە ٩ی١ تا 4ی3 دەوامی وەرزی یەکەمەو لە 9 تا 19ی3 تاقیکردنەوەی ئەو وەرزەیە. هاوکات لە 24ی3 تا 16ی5 دەوامی وەرزی دووەمەو لە 19 تا 30ی5 تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمە. بۆ پۆلەکانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەییش وەزارەتی پەروەردە كاتی تاقیكردنەوەكان و درێژكردنەوەی دەوام دیاری دەكات.