دادگاى فیدراڵى ڕۆژى بڕیاردانى کۆتایى لەبارەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە دیارى کرد

21-01-2024 03:28

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی دانیشتنێكی دیكەی لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن ئەنجام دا و سەرۆكی دادگاكە ڕایگەیاند "هەموو شتێك لەبارەی سكاڵاكەوە وتراوە و دادگای فیدراڵی ڕۆژی 4ـی شوبات بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكەوە دەدات".

نوێنەری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كە وەكوو لایەنی سێیەم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لە سكاڵاكەدا بەشداریی پێ‌ كرابوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا لەلایەن سەرۆكی دادگای فیدراڵییەوە لە سكاڵاكە دوورخرایەوە پاش ئەوەی ڕوونكردنەوەی پێویستی دایە دادگای فیدراڵی.

سەرۆكی دادگای فیدراڵی لە كۆتایی دانیشتنەكەدا وتیشی "هیچ شتێك لەسەر سكاڵاكە نەماوە كە بگوترێت و ڕۆژی 4-2-2024 دادگا بڕیار لەبارەی سكاڵاكەوە دەدات".

سكاڵاكەی یەكێتی لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە كە تایبەتن بە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان، بازنەكانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران. لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم تۆمار كراوە. هەروەها ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏‏ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە.

دیارترین ماددەی سكاڵاكە كە كێشەی لەسەرە، پەیوەستە بە 11 كورسیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمانی كوردستان و یەكێتی و لایەنە دیارەكانی دیكەش جگە لە پارتی، داوای ‏دابەشكردنی ئەو كورسییانە بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.‏

لە دانیشتنەكانی پێشوودا، دادگای فیدراڵی عێراق داوای بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ‏عێراقی كردووە لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی كورسیی ‏پێكهاتەكان.‏

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە پێشنیارەكەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان ‏بكرێت بە ٣ بازنەی هەڵبژاردن و كورسییەكانی پەرلەمان و كورسییەكانی كۆتاكان دابەشی ‏ئەو سێ بازنەیە بكرێت، بە جۆرێك ١٠٠ كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان؛ ٤١ی بۆ ‏سلێمانی و ٣٤ بۆ هەولێرو ٢٥ی بۆ دهۆك دیاری بكرێت.‏

‏١١ كورسییەكەی پێكهاتەكان دابەشی ئەو سێ بازنەیەی هەڵبژاردن بكرێن، بە جۆرێك؛ ٤ ‏كورسیی پێكهاتەكان بۆ سلێمانی كە ٢یان بۆ كلدان، سریان و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی ‏دیكە بۆ توركمان، ٤ كورسیی دیكەش بۆ هەولێر كە بە هەمان شێوە ٢یان بۆ كلدان، سریان ‏و ئاشووری و ٢ كورسییەكەی دیكە بۆ توركمان، دهۆكیش ٣ كورسیی پێكهاتەكانی بۆ ‏دیاریكراوە كە 1 كورسی بۆ كلدان، سریان و ئاشووری، 1 كورسی بۆ توركمان و 1 كورسی بۆ ‏ئەرمەنەكان.‏

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تا ئێستا سێ‌ جار دواخراوە، بڕیارە بەم نزیكانە چوارەم وادە بۆ بەڕێوەچوونی دیاری بكرێت.

ڕۆژی 16-1-2024 شاندی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم كۆبووەوە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ‌ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

پاش كۆبوونەوەكە، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای پرسوڕا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمنزیكانە وادەیەكی نوێ‌ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش ڕایگەیاند "خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەكان بە یەك بازنەیی و فرەبازنەیییەوە ئامادە كردووە و بە باشی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە ئامادەین".

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشنیازێكی لەناوخۆیدا تاوتوێ‌ كردووە، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بخرێتە 30-5-2024، چاوەڕوان دەكرێت پێشنیازەكە ئاراستەی سەرۆكی هەرێم كرابێت بۆ پەسەندكردن، ئەوە لەكاتێكدایە ١-٧-٢٠٢٤ تەمەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق كۆتایی دێت و دەبێت ‏بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدات.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت و سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏دوو جاری دیكەش دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤) و فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن بە تایبەت لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدرا.‏

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.

حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بە تایبەت پارتی و یەكێتی وەكوو دوو هێزی دەسەڵاتدار، لە ‏چوار ساڵی ڕابردوودا دەیان كۆبوونەوەیان بە شێوەی دوو قۆڵی و بە بەشداریی حیزبەكانی ‏دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجام ‏دا، بەڵام نەیانتوانی بەربەستی سەرەكیی بەردەمیان كە ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانە لە ‏پەرلەمانی كوردستان، چارەسەر بكەن.‏

یەكێتی و بەشێك لە حیزبەكانی دیكەش ڕەخنەیان لە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان لە ‏پەرلەمان هەیە و پێیان وایە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان ناكەن، بەڵكوو "لەلایەن ‏پارتییەوە لە ململانێ‌ سیاسییەكاندا بەكار هێنراون" و یاسای هەڵبژاردن بە جۆرێكە هەر ‏‏١١یان لە بەرژەوەندیی پارتی یەكلا دەبنەوە، هەر بۆیە داوای گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی ‏كاندیدەكانی پێكهاتەكان دەكەن.‏

پاش گەیشتنە بنبەستی گفتوگۆكان لەسەر كورسی پێكهاتەكان، یەكێتی ئەو پرسەی بردە ‏دادگای فیدراڵی عێراق و تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دا و پێی وایە چەند ماددەیەكی ‏‏"پێچەوانەی دەستووری عێراقە"، یەكێك لەوانەش كورسیی پێكهاتەكانە.‏

ڕۆژی 5-11-2023 كە دانیشتنی چوارەمی دادگا لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتییەوە بەڕێوە چوو، زیاد ‏جەبار لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی وت "چوار ساڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لە ‏مشتومڕی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنداین و ویستوومانە بە شێوەی سازان هەمواری ‏یاساكە بكەین، بەڵام نەگەیشتینە ڕێككەوتن، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر دەستوور و ‏یاسا".‏

یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1، 9، 15، 22 و 36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ‏كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی ‏هەمواركراو تۆمار كردووە، واتا تانەیان لە ماددە ‏هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوە و داوا دەكەن ‏دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و ‏یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‎‏.‏

زیاد جەبار بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر مەسەلەی پێكهاتەكان، یەكێتی جەخت لە دوو خاڵ ‏دەكاتەوە. یەكەم: مەبدەئی یەكێتی وا بووە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ‏پێكهاتەكان بیت. دووەم: لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتە هەیە، ‏نوێنەرایەتیی هەبێت و بەشدار بیێت".‏

مونا قەهوەچی، سكرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە پشكی پێكهاتەی ‏توركمان، بە نوێنەرایەتیی توركمانەكان داوای لە یەكێتی كردووە سكاڵاكەی لە دادگای ‏فیدراڵی بكشێنێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوە ڕازی نەبووە.‏

زیاد جەبار ڕەتیشی كردەوە كە سكاڵاكەیان تەنیا لەسەر كورسیی پێكهاتەكان بێت و ‏ڕایگەیاند "سكاڵایان لەسەر ماددەی یەك تۆمار كردووە كە تایبەتە بە ژمارەی كورسییەكانی ‏پەرلەمان". وەكوو ئەو دەڵێت "لە عێراقدا هەر 100 هەزار كەسێك نوێنەرێكی لە ‏پەرلەمان هەیە، بەڵام لە كوردستان ڕوون نییە، ئەمە پێویستی بە ڕێكخستنە".‏

هەروەها دوان لە ماددەكان پەیوەندییان بە "كۆمیسیۆن و مەسەلەی بایۆمەتری و تۆماری ‏دەنگدەران"ـەوە هەیە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ‏ئاماژە بەوە دەكات كە "پاش ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن درایە دەست كۆمیسیۆنی عێراق، ‏ئەو بەشەی سكاڵاكە كۆتایی پێ‌ هاتووە".‏

هەروەها یەكێتی تانەی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یەك بازنە داوە و داوا دەكات هەرێمی ‏كوردستان چوار بازنەی هەڵبژاردن بێت، كە بەر لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەو ‏شێوەیە بووە.‏

ڕۆژی 24-10-2023، زۆرینەی حیزب و لایەنەكانی توركمان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی ‏مەدەنیی توركمان، بە ‏بەشداریی نوێنەری پێنج كونسوڵگەری و نوێنەری ‏نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر ‏كۆبوونەوە. وەك خۆیان دەڵێن "كۆبوونەوەكە بۆ ‏پارێزگاریكردن لە سیستەمی كۆتای ‏پێكهاتەی نەتەوەیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان" ‏بووە.‏

حیزب و لایەنە توركمانەكان دواتر بەیاننامەیەكی پێنج خاڵییان بڵاو كردەوە، تێیدا ‏‏دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن "‏ڕێژەیەكی ‏زۆری هاووڵاتیانی پێكهاتەی توركمان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن، كارێكی ‏هەڵەیە ‏بەهۆكاری بوونی ڕێژەیەكی كەم لە هاووڵاتیانی توركمان لە پارێزگاكانی تر، ‏كورسیی كۆتای ‏توركمان دابەش بكرێت و مافی ئەو ڕێژە زۆرەی هاووڵاتیانیان لە پارێزگای ‏هەولێر پێشێڵ ‏بكرێت".‏

حیزب و لایەنەكانی پێكهاتەی توركمان، ھەر دەستكاریكردنێكی یاسای هەڵبژاردنی ‏‏پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەت ئەو مادانەی پەیوەستن بە كورسیی پێكهاتە ‏‏نەتەوەییەكان، بە "نادەستووری" ناو دەبەن، هەروەها دەڵێن "نەمانی كورسیی كۆتای ‏‏نەتەوەیی پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و ‏‏مێژوو و شارستانیەت و بوونی سیاسیی ئەو نەتەوەیەیە".‏