دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر سكاڵاكانی پەیوەست بە مووچە دواخست

21-01-2024 04:02

پەرەگراف

دادگای فیدراڵی جارێكی دیكە بڕیاردان لەبارەی دۆسیەكانی پەیوەست بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی دواخست، بەڵام لە دانیشتنی داهاتوودا كە 18-2-2024 بەڕێوە دەچێت، دادگا بڕیاری كۆتی دەدات.

لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، پارێزەری سكاڵاكاران و پارێزەری سكاڵالەسەركراوان كە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقن، قسەی خۆیان لەبارەی سكاڵاكانەوە كرد و لە كۆتاییدا سەرۆكی دادگای فیدراڵی دوایین مۆڵەتی دایە حكومەتی هەرێم بۆ بەرگریكردن لە خۆی و خستنەڕووی بەڵگەكان.

سكاڵاكانی پەیوەست بە مووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم كە سێ‌ سكاڵای جیاواز بوون و لەلایەن 16 مووچەخۆر و فەرمانبەرەوە تۆمار كراون، لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە یەكخران.

سكاڵای یەكەم لەلایەن چوار مووچەخۆری هەرێمەوە لەسەر هەردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، لە سكاڵاكەدا داوا كراوە كە سكاڵالێكراوان پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق.

هەروەها داوایان كردووە دادگای فیدراڵی "بڕیاری دادپەروەرانە دەربكات بۆ گەڕاندنەوەی مافە داراییەكانیان و جێبەجێكردنی یاسای بودجە بە هەموو ماددە و بڕگەكانی پەیوەست بە شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەناویدا پێدانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران (هەر سی ڕۆژ جارێك) بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بەبێ دواكەوتن و دواخستن".

سكاڵای دووەمیش لەلایەن نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمەوە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم تۆمار كراوە، داوا كراوە هەردووكیان "بەتەواوی" پابەند بكرێن بە جێبەجێكردنی دروستی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 22ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراوی فیدراڵی، هەروەها داوایان كردووە ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی كە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی دەربارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەریان كردوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.

سكاڵای سێیەم لەلایەن سێ‌ هاوووڵاتیی كوردەوە تۆمار كراوە، تێیدا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن بڕیارێك دەربكات بۆ ناردنی شایستە دارایی فەرمانبەرانی هەرێمی كورستان بۆ مانگەكانی تەمووز و ئابی 2023 و یەكلاكردنەوەی پرسەكە لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی ئەوەی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 جێبەجێ نەكرێت. هەروەها هەردوو حكومەت پابەند بكرێن بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، سەرپەرشتیی دۆسیەی (پلە بەرزركردنەوەی فەرمانبەران) دەكات، ڕۆژی 26-11-2023 پاش بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی دادگا ڕایگەیاند، ئەو داوایەیان بە شێوەیەك نووسیوە كە مافی مووچەخۆرانی كوردستان بگەڕێتەوە و هیوادارن لە دانیشتنەكانی داهاتوودا بتوانن ئەو مافە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بگەڕێننەوە.

حكومەتی هەرێم لە قەیرانێكی سەختدایە و دابەشنەكردنی مووچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ئەمساڵ شەپۆلێكی فراوان لە ناڕەزایەتی و بایكۆتی لێ كەوتووەتەوە، بەتایبەت لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین كە هێشتا دەرگای بەشێك لە ناوەندەكانی خوێندن نەكراونەتەوە و بەشێكیشیان دەوامی تەواویان تێدا ناكرێت.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە پێشتر پەرەگراف بڵاویكردەوە، چارەنووسی مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوەی ئەمساڵ پاشەكەوتكردنە و هاوشێوەی دەیان مووچەی ساڵانی ڕابردوو وەك قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم دەمێننەوە.

مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی لەگەڵ جەختكردنەوە لە ڕێككردنەوەی دابەشكردنی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێك، هاوكات داوای مووچەی ئەو سێ مانگەش دەكەن. لەگەڵ ئەو داوایانەشدا بۆ مووچەكانی ئەمساڵیان، لە خۆپیشاندانەكاندا دۆسیەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی ساڵانی ڕابردووشیان هەڵدایەوەو داوای چارەنووسیان كرد.

پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی، موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشكران.