وەزیری دارایی عێراق: حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2023دا هیچ داهاتێكی ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی نەكردووە

21-01-2024 08:22

پەرەگراف

وەزیری دارایی عێراق جەخت دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2023دا هیچ داهاتێكی ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی نەكردووە" و دەڵێت "تەنیا ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەست كردووە

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی كردووە بۆ ڕوونكردنەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان لەسەر ژمارەیەك مەلەفی دارایی.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ‌ كرا و وەزیری دارایی وتی: هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2023دا هیچ داهاتێكی دارایی ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی نەكردووە، تەنیا ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ پاڵاوگە حكومییەكانی عێراق ناردووە".

عەتوان عەتوانی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەسەر "پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێم" كردووەتەوە، بەتایبەت دوای ڕەزامەندیی توركیا لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

عەتوانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك دەڵێت "دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پێویستی بەوەیە بابەتی خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێم یەكلا بكرێتەوە".

هەروەها سەرۆكی لیژنەی دارایی جەخت دەكاتەوە كە پێویستە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەر بكرێت و لە ململانێ‌ سیاسییەكان دوور بخرێتەوە. داوایشی كردووە حكومەتی هەرێم "بە تەواوەتی" پابەند بێت جێبەجێكردنی یاسای بودجە.