بژاردەی كشانەوە لە حكومەت لە كۆنفراسی گۆڕاندا شكستی هێنا؛ بزووتنەوەكە دیراسەی بژاردەكە دەكات

21-01-2024 11:53

پەرەگراف

بژاردەی كشانەوە لە حكومەت لە دووەمین كۆنفراسی گۆڕان لەلایەن زۆرینەی ئەندامانەوە ڕەت كراوەتەوە و مانەوەی بێ‌ مەرجیش لە حكومەتدا نەیتوانی دەنگی پێویست بە دەست بهێنێت، بە زۆرینەی دەنگ بژاردەی سێیەم پەسەند كرا كە "دیراسەكردنی مەبدەئی كشانەوە لە حكومەت"ـە، بەڵام كات بۆ دیراسەكردنەكە دیاری نەكراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە كۆنفرانسی گۆڕاندا سێ‌ پێشنیاز خراونەتە دەنگدانەوە، پێشنیازی یەكەم كشانەوە لە حكومەت بوو كە 153 دەنگی هێنا، پێشنیازی دووەمیش مانەوە لە حكومەت بوو كە 86 دەنگی هێنا، بژاردەی سێیەم كە دیراسەكردنی مەبدەئی كشانەوە لە حكومەت بوو، زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنا كە نزیكەی سێ‌ هێندەی دەنگی هەردوو پێشنیازەكە بوو".

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، لە داهاتوودا "گۆڕان دیراسەی بژاردەی كشانەوە لە حكومەت دەكات و بڕیاری لەبارەوە دەدات، لە ئەگەری مانەوە لە حكومەتدا، لیژنەیەك بۆ لێپرسینەوە لە نوێنەرەكانی گۆڕان لە حكومەت پێك دەهێنێت"، ئەمەش وەكوو هەڵسەنگاندنێك بۆ تیمەكەی لە حكومەت.

هەر لەبارەی كۆنفراسی گۆڕانەوە، یاسین حەمەعەلی، ڕێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە "بژاردەی دیراسەكردنی مەبدەئی كشانەوە لە داهاتوودا، زۆرترین دەنگی كۆنفرانسی بەدەست هێنا". سەبارەت بەوەیش كە كەی ئەو دیراسەیە دەكرێت؟ وتی "كاتی بۆ دیاری نەكراوە".

ڕێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناو گۆڕانەوە ڕایگەیاند "بڕیار درا دروشم و لۆگۆی گۆڕان هەموار بكرێتەوە، هەندێك گۆڕانكاری لە نووسینی ناو كراوە و مێژووی دامەزراندنی گۆڕان بۆ لۆگۆكە زیاد كراوە".

یاسین حەمەعەلی وتیشی "هەموارێكی دیكە بەرنامەی سیاسیی گۆڕان بوو، كە بە پێشنیار و ڕاسپاردەی نوێ‌ دەوڵەمەند كرا كە خوێندنەوەی واقعیی ئێستای كوردستان و ناوچەكە تێیدا ڕەنگ بداتەوە". هەروەها وتی "هەمواری هەڵسەنگاندن بۆ تیمی فراكسیۆنەكان و تیمی حكومەت پەسەند كرا".