كۆمپانیایەكی دیكەی نەوت هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت

22-01-2024 01:38

پەرەگرف

كۆمپانیایەكی دیكەی بواری نەوت ئامادەكاری كردووە بۆ جێهێشتنی كێڵگە نەوتییەكانی ‏هەرێمی كوردستان و فرۆشتنی پشكەكانی.‏

كۆمپانیای ئەبوزەبیی نیشتمانی بۆ وزە، كە كۆمپانیایەكی ئیماراتییە و خاوەنی 47.4%ـی ‏پشكەكانی كێڵگەی نەوتی (ئەتروش)ـە، دوای 10 ساڵ كاركردن لە هەرێمی كوردستان، ‏پشكەكانی دەفرۆشێت و دەكشێتەوە.‏

ئەمڕۆ 22-1-2024، كۆمپانیاكە ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ كۆمپانیای جەنەراڵ ‏ئیكسپلۆرەیشن واژوو كردووە، بۆ فرۆشتنی تەواوی پشكەكانی لە كێڵگەی نەوتی ‏ئەترووش.‏

كۆمپانیای ئەبوزەبیی نیشتمانی بۆ وزە ساڵی 2013 هاتووەتە هەرێم و سەرەتا 53.2%ـی ‏پشكەكانی ئەو كێڵگە نەوتییەی بە بەهای 600 ملیۆن دۆلار لە كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن ‏بارتنرز كڕیوە.‏

ئێستا پشكەكانی كێڵگەی نەوتی ئەترووش 47.4%ـی لەلایەن كۆمپانیا ئیمارتییەكە و ‏‏27.6%ـی لەلایەن كۆمپانیای ئیكسپلۆرەیشن 25%ـی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ‏خاوەندارێتی دەكرێت.‏

كێڵگەی نەوتی ئەترووش دەكەوێتە نزیكی شاری هەولێر، لە كۆتایی ساڵی 2019دا بەرهەمی ‏ڕۆژانەی نزیكەی 50 هەزار بەرمیل نەوت بووە.‏

لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2-23 بەهۆی بڕیارەكەی ‏دادگای ناوبژیوانیی پاریس، ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان كۆتاییان ‏بە كار و گرێبەستەكانیان هێنا.‏