یوسف محەمەد سیاسەتی "چەوت"ی هەرێم لە دۆسیەی نەوتدا شیدەكاتەوە

08-06-2020 09:05

پەرەگراف

د.یوسف محەمەد لە هەڵسەنگاندێكدا بۆ دۆسیەی نەوت‌و گاز‌و كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكات بە هاوكاریی حكومەتی ناوەندیی و پارێزگا بەهەمهێنەرەكانی ناو هەرێم، پێداچونەوەی بنچینەیی بە كۆی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بكەن‌و پێیوایە هێشتا دەرفەتی ئەوە ماوە ئەو كەرتە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانیی‌و هەڵسانەوەو بەهێزبوونەوەی هەرێم‌و ئابورییەكەی.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، نزیكەی 6 هەزار وشەی لەسەر ئەو پرسە نووسیوەو لە دووبەشدا لە پەرەگراف بە ناونیشانی (دوای دانپیانان چارەسەر چیە؟) بڵاوكراوەتەوە.

یوسف محەمەد لە بابەتەكەیدا بە وردی تیشكدەخاتەسەر كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو سیاسەتی "چەوت"ی هەرێم لە مامەڵەكردن لەگەڵ سامانی سروشتی شەن‌و كەو دەكات‌و دەڵێت "دەكرێ هەرێم وزە بكاتە كلیلی چارەسەر كردنی كێشەكانی دیكەی لەگەڵ عێراق. بەڵام بەو مەرجەی هەرێم ئامادە بێت كە پێداچونەوە و ڕاستكردنەوە بۆ كۆی سیاسەتی نەوتیی خۆی بكات و، هاوشێوەی عێراق گفتوگۆ بكات لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت بۆ پێداچونەوە بەگرێبەستە نەوتیەكان. چونكە پێناچێ عێراق گرێبەستە نەوتییەكان و هەناردنە كردنی نەوتی هەرێم، بەم شێوەیەی ئێستای قەبوڵ بكات".

وتارەكەی یوسف محەمەد لەكاتێكدایە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم سەرقاڵی گفتوگۆیە بە ئاڕاستەی ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراق لەبارەی نەوت‌و بودجە، ئەوەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی سەختی داراییدایەو حكومەت توانای پێدانی مووچەی نییە مانگانە لەكاتی خۆیدا، هەربۆیە چەندینجار بە فەرمیی ئامادەییان پیشانداوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدادو ڕادەستكردنی نەوت لەبەرامبەر پارەی مووچە.

د.یوسف محەمەد لە بەشێكی وتارەكەیدا ئاماژە بە قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەكات‌و بە دەرئەنجامی سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتن‌و هەڵەو چەوتییەكانی كەرتی نەوتی لەقەڵەم دەدات.

وەك ئاماژەیەكیش بۆ دانپێدانانی هەرێم كە "27 ملیار دۆلار قەرزارە"، د.یوسف محەمەد دەڵێت"دانپیانان گرنگە، بەڵام هیچ ئەرزشێكی نییە گەر نەبێتە هۆی پێداچونەوە و گۆڕینی ڕیشەیی كۆی سیاسەت و ڕێكار و شێوازی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت و گاز، كە لە هەمان كاتدا مەلەفێكی سیاسی و ئابوریشە، بە هەمان شێوە هەم ناوخۆییە، هەم لێكەوتەی عێراقی و دەرەكیشی هەیە. ئێستە زیاتر لەهەر كات پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی پشتشكێنی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان هەیە لە بواری نەوت و گاز، بە دیاری كردنی بەرپرسیارێتی و، لە هەمان كاتدا خستنەڕوی ڕێچارە بۆ دەرچون لە تەنگژەی ئابوری و سیاسیی هەرێم و، ڕزگار كردنی ئەوەی ماوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەكات، مەلەفی نەوتی هەرێم بەوشێوەیەی ئێستای كێشەی دەستوریی هەیەو لە چوارچێوەی دەستووریشدا دەكرێت ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، هاوكات داوای ئەنجامدانی چاكسازیی ڕاستەقینە لە چۆنیەتیی دەستخستنی داهات و فرەچەشن كردن و شەفاف كردنی، لەگەڵ چاكسازی لە چۆنیەتیی خەرجكردنی داهات و هێنانەكایەی دادپەروەی لە دابەش كردنی داهات، دەكات.

جیا لە نەوت، د.یوسف لە بابەتەكەیدا باس لە كەرتی گازی هەرێم‌و گرنگییەكەی دەكات‌و دەڵێت "بوارێكی بەرفراوانترە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر بە دور لە سیاسەتی پڕ چەوتیی پێشو و، بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی. هاوكاریی هەرێم و بەغدا لە بواری كەرتی گاز، كە پێویستییەكی هەنوكەیی عێراقە بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەتایبەت كارەبا، دەرگای هێنانەكایەی پەیوەندییەكی نوێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و تەواوكاری، ئەهێنێتە كایەوە كە ڕێگا خۆش ئەكات بۆ چارەسەری كێشە بنچینەییەكانی تر لە نێوان هەردولا".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان پێیوایە، هێشتا بواری ئەوە هەیە كە بە چاكسازیی‌و دروست مامەڵەكردن لەكەرتی نەوت‌و گازی هەرێمدا، هەرێمی كوردستان بخرێتە پێگەیەكی بەهێزەوە لە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی.

هەروەها یوسف محەمەد باسلە كاریگەرییە خراپەكانی سیاسەتی نەوت‌و گازی هەرێم دەكات كە نەبووەتە مایەی خۆشگوزەرانیی‌و بەهێزكردنی ئابوریی هەرێم، بەڵكو بووەتەهۆی پوكانەوە و لاوازكردنی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاریی، "دەرهێنانی نەوت و گازی هەرێم، نەك هەر نەبوە كارتێكی بەهێزی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە لەمێژینەكانی لەگەڵ بەغدا، بەڵكو ڕێك بویە خاڵێكی لاوازی هەرێم كە بە هۆیەوە چارەسەركردنی كێشەكانی تری وەك كێشەی خاكی كردە كێشەی لاوەكیی هەرێم".

وتارەكانی د.یوسف محەمەد لە پەرەگراف

دوای دانپیانان چارەسەر چیە؟ 

بەشی یەکەم: کێ بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێ؟ 

بەشی دوەم: چارەسەری هاوبەش لەگەڵ عێراق