گەڕان و پشکنین لە ماڵی پێشڕەو دزەیی کۆتایی هات و تەرمی خزمەتگوزارە فلیپینییەکە نەدۆزرایەوە

23-01-2024 01:34
پەرەگراف
بەرگریی شارستانیی هەولێر لە هەشتەم ڕۆژی دوای مووشەکبارانەکەی ئێران پڕۆسەی گەڕانی لە ماڵی پێشڕەو و دزەیی کۆتایی پێ هێنا و دەڵێت "چارەنووسی ئافرەتە فلیپینییەکە نادیارە".
"تەنیا چەند پارچەیەکی بچووکمان دۆزیوەتەوە و رەوانەی تاقیگەمان کردووە بۆ پشکنین و بەراوردکردن لەگەڵ قوربانییەکان" بەرگری شارستانی هەولێر وادەڵێت.
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی بەرگری شارستانی

درەنگانی شەوی 15ی ئەم مانگە، ئاسمانی هەولێر بە 11 مووشەکی بالیستی ڕووناک بووەوەو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان گەورەو بچووکی ڕاچڵەکان، مووشەکەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکران.

مووشەکەکانی ئێران پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە شەهید کران و هێشتا تەرمی کارگوزارەکە نەدۆزراوەتەوە، خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵی دیکەشی برینداربوون.

سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کردو سوورە لەسەر ڕاستیی ئەو پڕوپاگەندەیەی کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانەکە، لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووەو ڕایگەیاند: ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی.