وادەی ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە نادیارە

23-01-2024 06:21

پەرەگراف

هێشتا وادەی ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە نادیارەو لەگەڵ گەیشتنیدا ڕاستەوخۆ مووچە دابەش دەکرێت، وەزارەتی دارایی هەرێم داوای ناردنی لیستی مووچە لە وەزارەت و دامودەزگاکان دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پەرەگرافی وت "هیچ وادەیەک دیارنییە بۆ ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکە لە بەغداوەو چاوەڕێین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەکە ڕەوانە بکات".

سەرچاوەکە وتیشی "خشتەی دابەشکردنی مووچە ئامادەیەو لەبەرئەوەی پارەکەی بەغداد بەشی تەواوی مووچە ناکات، ئامادەکاریی کراوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی یەک و لەگەڵ گەیشتنی پارەکەدا ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".

هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێم بە نوسراوی فەرمی داوای لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری و گەنجینەکان کردووە لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی یەک بنێرن و مانگانەش لەکاتی خۆیداو بەرلە ٥ی مانگ لیستی مووچە ڕەوانە بکەن.

ئەوەش دوای ئەوەدێت ناوەڕاستی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق هاوشێوەی دامودەزگاکانی دیکەی وڵات، داوای ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی لە وەزارەتی دارایی هەرێم کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی ٦١٨ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە لە پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق.

بڕیارە ناردنی ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە مانگانە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە هەموارەکەدا پشکی مووچەی هەرێم بە ٦١٨ ملیار دیناری مانگانە دیاری بکرێت ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو داتایانەی لەلای دیوانی چاودێری دارایی عێراق و حکومەتی عێراقە.

ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق مسۆگەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە کە یەکێکە لە داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم و دەیەوێت لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەوە، مووچەی هەرێم دوربخاتەوە لە کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێرو بەغدادو مانگانە لەکاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت.

حکومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو سێ مانگ قەرزی ٧٠٠ ملیار دیناریی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بۆ مووچە، حکومەتی هەرێم بەو قەرزە مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ی دابەش کرد.

هێشتا حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی دابەش نەکردووە، بەپێی نووسراوێک کە پێشتر پەرەگراف بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە بە "مووچە شایستە نەدراوەکان" تۆمار دەکات، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەکە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم دەمێننەوە هاوشێوەی پاشەکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەوە لەکاتێکدایە گێڕانەوەی ئەو مووچانە یەکێک لە داواکارییەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانە کە هێشتا بەشێکیان بەردەوامن لە بایکۆت و خۆپیشاندان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین.