ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامێكی توندی یەكێتی دەداتەوە

23-01-2024 08:40
خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران لە سلێمانی بۆ مووچە. 21-1-2024

پەرەگراف

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامێكی توندی یەكێتی دەداتەوە و شكاندنی ‏بایكۆت ڕەت دەكاتەوە. ئەنجوومەنەكە دەڵێت "كەسی دووەمی یەكێتی، جێگری سەرۆكی حكومەتی كوردستانە ‏و بە فیعلییش سەرۆكی حكومەتی ئیدارەی زۆنەكەیانە، ئەو بەڕێزە لە پێنج مانگی ڕابردوودا جگە لە ‏كۆمەڵێك لێدوان، هیچ هەنگاوێكی بۆ سەرپێخستنەوەی خوێندن نەناوە".‏

ئەنجوومەنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەكە كە پێنج مانگە بایكۆتی بۆ دوو مەبەست ‏بەكارهێناوە، كە بریتین لە "تەواوبوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق و فشار بۆ دانوستان لەگەڵ ‏پارتی"، دەشڵێت "ئێستا كە كاتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای كەركووكە و پێویستی بە دەنگی ‏پارتییە، دەیەوێت بە چاوسووركردنەوە و نانبڕینی نایاسایی و كۆمەڵێك دەسەواژەی چەواشەكارانە، پرسەكە ‏بێنێتەوە گۆڕێ".‏

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:‏

وەڵامێك بۆ بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‎ ‎لە رۆژی 22-1-2024‏

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە دەسەڵاتدار و قەڵەمڕەوی زۆنێكی گەورە و كاریگەرە، پاش زیاتر لە چوار ‏مانگ و نیو لە بایكۆتی مامۆستایان و فەوتانی وەرزێكی تەواوی خوێندن و لەسەرەمەرگی وەرزی دووەمدا و لە ‏پەراوێز و كۆتا خاڵی كۆبوونەوەكەیاندا، زۆر بە لاستیكیی و ئینشائییانە و بەبێ هیچ چارەسەرێك و ‏بەدەستەواژەی پڕ لە شەرمەزاریی(بایكۆت تەنیا لەم دەڤەرە هیچ ئەنجامێكی لێ بەدینەهاتووە) داوا لە ‏مامۆستایان ئەكەن كە بایكۆت بشكێنن‎!‎

كۆبوونەوە و داواكارییەكانی ناو كۆبوونەوەكە لە كاتێكدایە كە كەسی دووەمی ئەو حیزبە جێگری سەرۆكی ‏حكومەتی كوردستانە و بە فیعلییش سەرۆكی حكومەتی ئیدارەی زۆنەكەیانە، ئەو بەڕێزە لە پێنج مانگی ‏ڕابردوودا جگە لە كۆمەڵێك لێدوان، هیچ هەنگاوێكی بۆ سەرپێخستنەوەی خوێندن نەناوە لە ‏قەڵەمڕەوییەكەیاندا، كە لایەنی كەم ئەیتوانی بە جێبەجێكردنی چەند خاڵێك لە پێنج خاڵی داواكاریی ‏مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان، مامۆستایانیان دڵخۆش بكردایە و ئومێدێكی بۆ شكاندنی بایكۆت ‏دروست كردبا‎ !‎

یەكێتیی ئەتوانێت خەڵكیتر چەواشە بكات، بەڵام مامۆستایان كە وانەی (هۆشیاریی) بە كۆمەڵگا ئەڵێنەوە، ‏بەرچاویان ڕوونە كە یەكێتیی خۆی بەشێكە لە كێشەكان و هەر بۆ خۆیشیان ئەتوانن بەشێك بن لە چارەسەر‎.‎

یەكێتیی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە زۆنەكەدا و لە كۆی هەرێمیش وەك پارتیی بەرپرسیارە و ناتوانێت خەڵك ‏بەلاڕێدا ببات و وەك ئۆپۆزسیۆن لەلایەك موخاتەبەمان بكات و لەلایەكیترەوە مەڵبەند و كۆمیتەكانی و ‏بەڕێوەبەرەكانی پەروەردەمان بۆ بخاتەگەڕ تا ناچار بە دەوامكردنمان بكات‎!‎

لە بەلاغەكەدا ناوی سەرۆكی یەكێتیی(بافڵ تاڵەبانیی) هاتووە كە داكۆكیكار بووبێت لە مافەكانمان، ئەو ‏بەڕێزە بە هەندێ جووڵە و لێدوان، بڕوایەكی لای خەڵك دروستكرد كە ببێت بە سەرەتایەكی ئەوتۆ كە ئومێد ‏بگێڕێتەوە بۆ كۆمەڵگاكەمان، بەڵام دیسان ئەویش جگە لە دیاردەیەكی میدیایی، چی دیكەی لێ شین نەبوو‎ !‎

ئێمە لەوان ئەپرسین؛ باس لە هەوڵەكانی سەرۆكی یەكێتیی دەكرێت لە بەغدا، ئایا هەوڵەكانی چیبوون و ‏ئەنجامەكانی چی بوو؟‎!‎

بە پێچەوانەوە، ئێستا بڕوایەك لەناو خەڵكدا هەیە، كە یەكێتیی پێنج مانگە پرسی(بایكۆتی مامۆستایان)ی بۆ ‏دوو مەبەست ڕاگرتووە و فشارێكی ئەوتۆی لە مامۆستایان ننەكردووە تا بایكۆت بشكێنن‎ :‎

یەكەم: تا هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق تەواو ببێت و موزایەدەی بوونی ئازادی ڕادەربڕین لە ‏قەڵەمڕەوییەكەیدا بەسەر لایەنیتردا بكات‎.‎

دووەم: وەك فشارێك و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیی لەسەر مێزەكە بیهێڵێتەوە، تا دەستكەوتی زیاتر بۆ خۆیان و ‏سەركردەكانیان بەدەست بهێنن‎.

ئێستاش كە كاتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای كەركوكە و پێویستی بەدەنگی پارتییە، ئەیەوێت بە ‏فشار و چاوسووركردنەوە و غیابدان و نانبڕینی نایاسایی و كۆمەڵێك دەسەواژەی چەواشەكارانە، پرسەكە ‏بێنێتەوە گۆڕێ‎!‎

ئێمەش بە خەڵكی كوردستان ئەڵێین‎:

١‏‎- بە ڕاوێژ و پرسكردن بە هیچ كەس و لایەنێك بایكۆتمان نەكردووە، تا بە خواست و ویستی ئەویش ‏بیشكێنین‎!‎

٢‏‎- بایكۆت پرسێكی سیاسیی نییە تا بە كۆبوونەوەی سیاسیی و سەركردایەتی هیچ حیزبێك بشكێت‎!‎

بۆ یەكێتییش وا باش بوو كە لەبری كۆبوونەوەی خۆی، فشاری لە (قوباد تاڵەبانیی) كردبا تا ببێتە ‏فریادڕەسی (خوێندنی ئەم ساڵی خوێندكاری هەژار و نەداران) بەوەی كە ئەگەر (مەسرور بارزانی) و پارتی ‏داواكاریی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ نەكات، ئەوا لە كابینە وەزارییەكەی ئەكشێنەوە، نەك وەك ‏ئۆپۆزسیۆن و تەنێكی نامۆ بە جەستەی حكومەت چەواشەكاری بكەن‎!‎

٣‏‎- داخوازییەكانمان ڕوونن، ئێستاش نەچووە و بچێت، ئەتوانن دڵی شكاوی مووچەخۆران بە دەست بێنن و لە ‏هەمان كاتدا دڵی خوێندكاران و كەسوكاریشیان خۆش بكەن‎.‎

بایكۆت و ناڕەزایەتییەكان بەردەوام ئەبن و بەبێ ئەنجام كۆتایی نایەت‎..‎

دروود بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان و وانەبێژان‎..‎

سەربەرزیی بۆ خەڵكی بەهەڵوێستی چین و توێژەكانی دیكە‎..‎

ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
‎23-1-2024‎