عێراق هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات و دەڵێت: ئەمریكا زیان بە ئاسایش و سەقامگیریمان دەگەیەنێت

24-01-2024 01:53

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی عێراق "ئیدانەی توند"ـی هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر حەشدی شەعبی لە بابل و ئەنبار دەكات و دەڵێت "چەند پێگەیەكی سەربازیی عێراق بە بۆمبی گەورە كراونەتە ئامانج و قوربانی لە ڕیزی كارمەندانی ئەمنیدا هەیە". وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقیش دەڵێت "بە ئاشكرا ئەمریكا سوورە لەسەر زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی ئەمریكا دوو پێگەی حەشدی شەعبیی لە ناوچەی سیكەك لە قەزای قائیمی پارێزگای ئەنبار و جورف سەخر لە پارێزگای بابل كردە ئامانج. حەشدی شەعبی كوژرانی چەكدارێك و برینداربوونی دوو چەكداری دیكەی لە هێرشەكاندا ڕاگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە كاردانەوەی هێرشەكاندا دەڵێت "بەتوندی ئیدانەی دەستدریژیی ئەمریكا بۆ سەر هەردوو بارێزگای بابل و ئەنبار دەكەین، كە خۆی لە بۆردومانكردنی چەند پێگەیەكی سەربازیی عێراقدا دەبینێتەوە بە بۆمبی گەورە و قوربانی لە ڕیزی كارمەندانی ئەمنیدا لێ كەوتووەتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەكان بە "هەڵسوكەوتێكی دوژمنكارانە بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی گەلی عێراق" وەسف دەكات و دەڵێت "ئەمە پێشێلكردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریكا و عێراقە و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە دەبێت".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی یاسایی دژی ئەمریكا دەكات، لەنێویاندا "پێشكەشكردنی سكاڵا بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

"سەرۆكوەزیران بڕیاری داوە لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە و كۆكردنەوەی زانیاری بۆ پاڵپشتیكردن لە هەڵوێستی حكومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پێشكەشكردنی بەڵگە و زانیاریی ورد پێك بهێنێت"، وەزارەتی دەرەوەی عێراق وا دەڵێت.

هاوكات لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرمادەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانی ئەمریكا بە "پێداگرییەكی ئاشكرا لەسەر زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق" ناو دەبات و دەڵێت "ئەم كارە ڕەتكراوەیە و هاوكاریی ساڵانێك لەبار دەبات و پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی عێراقە".

لیوا یەحیا ڕەسووڵ داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات ڕێگە لە هەر پێشێلكارییەك بگرێت كە هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق دەكات و جەخت دەكاتەوە "لەكاتێكدا وەكوو دوژمنكاری مامەڵە لەگەڵ ئەم هێرشانە دەكەین، هەموو ڕێوشوێنێكیش بۆ پاراستنی گیان و شكۆی عێراقییەكان دەگرینە بەر".

"لەكاتێكدا لێكتێگەیشتنەكان سەبارەت بە ڕۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق هەنگاوی ئەرێنیی بڕیوە بۆ ڕێكسختنەوەی پەیوەندییەكانی ئایندە، وای دەبینین ئەم جۆرە كارانە بۆ دروستكردنی ڕێگری بێت لەم ئاڕاستەیە"، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق وا دەڵێت.