لە سلێمانی دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەی (هەژماری من) دەكرێت

24-01-2024 03:24
سەردانی ئەمڕۆی وەزیری دارایی بۆ پارێزگای سلێمانی

پەرەگراف

ڕێكارەكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكەی مەسروور بارزانی (پرۆژەی هەژماری من) لە پارێزگای سلێمانی دەست پێ‌ دەكەن. لە دوو کۆبوونەوەى جیادا وەزیرى دارایى و بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكان و بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی هەرێم و تیمی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەتەوە.

د. هەڤاڵ ئەبووبەكر، پارێزگاری سلێمانی، دەڵێت "وەزیرى دارایى لە كۆبوونەوەکەدا لە بایەخی سیستمەكە و دەستپێكردنی پڕۆژەكە لە سلێمانی دوا". سەبارەت بە كۆبوونەوەش لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكان دەڵێت "لە دیدارەكەدا ڕێكاری پێویست بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دیاری كرا".

پرۆژەكە بۆ دروستكردنی هەژماری بانكییە بۆ مووچەخۆران و لە هەولێر خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ یەكەم جار مانگی ڕابردوو سێ‌ هەزار فەرمانبەر لەو ڕێگەیەوە مووچەیان وەرگرت. بڕیارە بەمزووانەش لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك جێبەجێ‌ بكرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێت "نزیكەی ١٩٠ هەزار فەرمانبەر بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری ‏من كردووە و زیاتر لە شەش هەزاریان كارتی بانكییان وەرگرتووەتەوە، زیاتر لە سێ‌ هەزار فەرمانبەریش ‏لەڕێی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە".

لە پرۆژەكەدا پێنج بانكی تایبەت بەشدارن كە بریتین لە (بانكی جیهان، بانكی ئاشوور، بانكی ئەهلیی عێراقی،‎ ‎RT bank ‎‏ و ‏bbac bank‏). وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە كردووە كە "بانكەكان سەرجەم مەرجەكانیان ‏تێدایە و لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە پەسەند كراون".‏

وەكوو ئامادەكاری بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو و ڕاكێشانی پارە، نزیكەی ٥٠ ئامێری ڕاكێشانی پارە‎ (ATM) ‎لە ‏شاری هەولێر دانراون و وەزارەتی دارایی دەڵێت "ژمارەیان لە زیادبووندایە".‏

وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە 15-1-2024 بڵاوی كردەوە، ئاماژەی بەوە كردووە كە "چەندین بانكی تریش لەسەر هێڵن بۆ بەشداری لە پرۆژەكە و تا ئێستا پرۆژەی ‏دروستكردنی (ھەژماری من) بەبێ هیچ كێشە و ئاستەنگێك بەڕێوە دەچێت، ئامادەكارییەكان بۆ ‏دەستپێكردنی پرۆژەی (هەژماری من) لە پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی لە قۆناغی كۆتاییدایە".‏

وەزارەتی دارایی هەرێم، پرۆژەی (هەژماری من)ـی بە "پرۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژیی كابینەی نۆیەمی ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان" ناو بردووە كە "لەلایەن نووسینگەی سەرۆكوەزیران بە هاوكاریی وەزارەتی ‏دارایی و ئابووری و بە ڕەزامەندیی بانكی ناوەندیی عێراق ئەنجام دەدرێت".‏

‏"ئامانج لە پرۆژەكە، بنیاتنانی سیستەمێكی بانكیی بەهێزە كە فەرمانبەران و مووچەخۆران تیایدا لە ‏چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانكی سوودمەند دەبن و لە قۆناغی داهاتووشدا كارمەندانی كەرتی تایبەت ‏دەبنە خاوەن ( هەژماری من)"، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.‏