وەزارەتی ناوخۆ: پەکەکە بە مووشەک هێرشی کردەسەر بارەگایەکی زێرەڤانی

24-01-2024 11:06

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕوودانی شەڕی چەکداری لە نێوان پەکەکەو پێشمەرگەی زێرەڤانی پشتڕاست دەکاتەوەو دەڵێت: چەکدارانی سەر بە پەکەکە، "زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانییش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە".

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوەدێت میدیاکانی نزیک لە پەکەکە لەوانەش ماڵپەڕی ڕۆژنیوز نیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە "لە چیاى ئامێدى لە سنورى پارێزگاى دهۆک چەکدارانى پەدەکە هێرشیان کردە سەر گەریلاکانى ئازادى کوردستان لەکاتێکدا گەریلاکان لە جوڵەدا بوون چەکدارانى پەدەکە بۆسەیان دانابوو لە ئەنجامى ئەو بۆسەیەدا ژمارەیەک گەریلا برینداربوون".

دەقی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ

"ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی چەواشەکاری و هەوڵە تێکدەرانەیەکانی پەکەکە

میدیای سەر بە پەکەکە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا وایان بڵاوکردۆتەوە، کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری ئامێدی هێرشیان کراوەتە سەر.

لێرەدا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانییان لە سەرانسەری جیهان ڕوون دەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێکەوتی 24/1/2024، بە دەیان کیلۆمەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ ڕێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوورییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانییش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە.

ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت و بەداخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و ڕێکارێکی ئاشتییانەش دەبین لەپێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج".

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان