قوباد تاڵەبانی: بە وەبەرهێنان لە گەنجان و داهێنەر و کارسازان سەردەکەوین

25-01-2024 10:58
قوباد تاڵەبانی لەکاتی پێشکەشکردنی وتەکەی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و کارسازی. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، بە وەبەرهێنان لە گەنجان و داهێنەران و کارسازان هەرێمی کوردستان سەردەکەوێت، "ئەو کاتە نە مووشەکی ئەو و نە درۆنی ئەم دەتوانێ ڕێگربێ لەبەردەم گەیشتنمان بە کەناری ئارامی و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانیی بۆ گەلەکەمان".

ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی لە میانی وتەیەکدابوو کە لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازیی پێشکەشی کرد کە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

قوباد تاڵەبانی لە وتەکەیدا ئاماژەی بە کێشەو قەیرانە ئەمنیی و ئابورییەکان کرد و وتی "ئێمە زاڵ دەبین بەسەر کێشەو ئاڵنگارییەکان و دڵنیاتان دەکەم ئەم ڕۆژە تێدەپەڕێنین".

جێگری سەرۆکوەزیران وتیشی "ئەگەر پێمان وابێت هێز دەتوانێت هاوکێشەکەمان بۆ بگۆڕێت هەڵەین، ڕەنگە ئێمە بە 30 ساڵی دیکەش نەتوانین لە یارو نەیارەکانمان بەهێزتربین، بەڵام دەتوانین لێیان زیرەکترو ئاقڵتربین و دەبێت زیرەکتربین"، هانی سەرمایەدارانیشیدا پاڵپشتی بیرۆکەی داهێنەرانەی گەنجان بکەن بۆ سەرپێخستنی پڕۆژەکانیان لە پێناو گەشەی ئابوری.

لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان و كارسازیی، چەند چالاکییەکی جیاوازو پانێڵی گفتوگۆ بەڕێوەدەچن.