ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق پۆستی سەرۆك یەكلا دەكاتەوە

25-01-2024 02:59

پەرەگراف

ڕۆژی شەممە 27-1-2024، پەرلەمانی عێراق لە دووەم خولی هەڵبژاردندا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە نێوان دوو كاندیددا یەكلا دەكاتەوە کە لە خولى یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەست هێنابوو.

پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی دووەمی وەرزی یەكەمی ساڵی سێیەمی كاركردنی ئەم خولەی پەرلەمانی بڵاو كردەوە و بەپێی كارنامەكە، دانیشتنەكە كاتژمێر 11ـی بەیانیی ڕۆژی شەممە دەست پێ‌ دەكات، یەكەم بڕگەی دانیشتنەكەش هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە.

ڕۆژی 13-1-2024 پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە و پێنج پەرلەمانتار خۆیان كاندید كرد، بەڵام كەسیان لە خولی یەكەمدا دەنگی پێویستیان بۆ بردنەوەی پۆستەكە بەدەست نەهێنا.

دەنگی كاندیدەكان بەم شێوەیە بوو "شەعلان كەریم: 152 دەنگ، سالم عیساوی: 97 دەنگ، مەحموود مەشهەدانی: 48 دەنگ، عامر عەبدولجەبار: 6 دەنگ و تەڵاڵ زەوبەعی: 1 دەنگ، هەروەها دەنگی پووچ: 10 دەنگ".

هەریەك لە (شەعلان كەریم و سالم عیساوی) كە دەنگی یەكەم و دووەمیان بەدەست هێنا، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكەدا كێبڕكێ‌ دەكەن كە بڕیارە 27ـی مانگ ئەنجام بدرێت.