لە 24 كاتژمێری یەكەمی كەوتنەكاری كامێرا جێگیرەكانی سلێمانی، زیاتر لە هەزار سەرپێچی تۆمار كراوە

25-01-2024 09:48

پەرەگراف

تەنیا لە 24 كاتژمێری یەكەمی كەوتنەكاری كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی ناوشاری سلێمانی، زیاتر لە هەزار سەرپێچی تۆمار كراوە كە بەلای هەرەكەمەوە زیاتر لە 70 ملیۆن دینار غەرامەكەیەتی، ئەمە لە كاتێكدا كە هاتووچۆ نۆ كیلۆمەتر لێخۆشبوونیشی بۆ شۆفێران داناوە.

ئەو كامێرایانە كە ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە كەوتوونەتە كار، وەكوو بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، "سەرپێچیی ئەو ئۆتۆمبێلانەش تۆمار دەكەن كە بێ‌ سەرەتان، یان هەڵگری تابلۆی پارێزگاكانی دیكەی عێراقن".

لە كاتژمێر 10ـی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە 23-1-2024، 21 كامێرای جێگیری تۆماركردنی تیژڕۆیی لە ناوشاری سلێمانی كەوتنە كار، كە زۆرینەیان لەسەر شەقامی شەستمەترین.

عەمید ئاسۆ محەمەد بەهرام، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە ماوەی ٢٤كاتژمێری یەكەمی كەوتنەكاری كامێراكان، ژمارەی سەرپێچی خێرایی لەو شەقامانەی کە کامێرای جێگیری چاودێریی هاتۆچۆی تێدا دانراوە، هەزار (١٠٠٠) حاڵەتی تێپەڕاندووە و بەردەوام لە زیادبووندایە".

تۆماركردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەرپێچی لە ماوەی 24 كاتژمێردا، لە كاتێكدایە كە بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا ٧٣٠ ڕاگەیەندراو، بەیاننامە و لێدوانمان لە كەناڵە جیاوازەكان بڵاو كردووەتەوە لەبارەی كەوتنەكاری كامێراكان لەو كاتە و لەو شوێنانە".

كامێرا جێگیرەكانی ناوشاری سلێمانی بە سیستەمی یەك خاڵ (یەك پۆینت) كار دەكەن، واتە تەنیا لەو شوێنەی كە كامێرای تێدایە سەرپێچی تۆمار دەكات و دووریی نێوان كامێراكان ئەژمار ناكات.

سەبارەت بە تۆماركردنی سزای ئۆتۆمبێلی تابلۆی پارێزگاكانی عێراق، عەمید ئاسۆ محەمەد بەهرام بۆ پەرەگراف وتی "كامێراكان هەموو ئۆتۆمبێلێك دەگرن. لەگەڵ بەغداد لێكتێگەیشتنمان هەیە كە ئەوان ئۆتۆمبێلی ژمارە سلێمانی بگرن و ئێمەش ئۆتۆمبێلی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، دواتر زانیاریی سەرپێچییەكە بەپێی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكان دەدرێتەوە بەو پارێزگاكان".

دەربارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیش كە بێ‌ سەرەتان، ناوبراو دەڵێت "ئەوانەی كە ڕەقەمی كاتی و ڕەش لە ئۆتۆمبیلەكانیان دەبەستن، ئەوانە ساختەكارییان كردووە و كە گیران، بە تۆمەتی ساختەكاری مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت".

بەپێی خشتەی سزاكانی سەرپێچیی هاتووچۆ، كەمترین سزای دارایی تیژڕۆیی لە ڕێگاكانی ناوشار 70 هەزار دینارە، كە بۆ سەرپێچیی خێرایی 61 تا 75 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا دانراوە، هەروەها سزای تیژڕۆیی لە 76 تا 90 كیلۆمەتر دەبێت بە 100 هەزار دینار و 91 تا 105 كیلۆمەتر 125 هەزار دینار و 106 تا 115 كیلۆمەتریش 180 هەزار دینار، زۆرترین سزایش 250 هەزار دینارە كە بۆ خێرایی 116 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و بەرەو سەرەوە دیاری كراوە.

وەکوو بەڕێوەبەری هاتووچۆ ڕوونی کردەوە، نۆ کلیۆمەتر لێخۆشبوون بۆ شۆفێران دانراوە، بە جۆرێک لەو شوێنانەی کە خێرایی ڕێپێدراو 60 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، تا خێرایی 69 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا سەرپێچی لەسەر شۆفێران تۆمار ناکرێت، بەڵکوو لە 70 کیلۆمەتردا دەبێت بە سەرپێچی، هەروەها لەو شوێنانەی کە خێرایی ڕێپێدراو 50 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، سەرپێچی لە 60 کیلۆمەتردا تۆمار دەکرێت.

بە وتەی عەمید ئاسۆ محەمەد، بڕی ئەو پارەیەی كە لە سەرپێچییەكان تۆمار كراوە، دیار نییە، چونكە خێراییەكان جیاوازن و هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی غەرامەكەی جیاوازی بۆ هاتووەتەوە.

ئەگەر لە 24 كاتژمێری یەكەمی كەوتنەكاری كامێرا جێگیرەكانی سلێمانی هەزار (1000) سەرپێچی تۆمار كرا بێت بە كەمترین سزا كە 70 هەزار دینارە، سزاكەی 70 ملۆین دینار دەكات.

بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت "داهاتی سەرپێچییەكان بە وەسڵی ژمێریاری وەردەگرین و تەسلیمی گەنجینەی دەكەین. ڕۆژانەش وێنەیەك لە داهاتەكە دەنێرین بۆ لایەنەكانی چاودێری و داواكاری گشتی و سایتی شەفافیەت، ئیتر پارەكە حكومەت چۆن سەرفی دەكات، ئیشی ئێمە نییە".

بەڕێوەبەری هاتووچۆ داوا لە هاووڵاتیان دەكات "برلەوەی بیریان لای داهاتی كامێراكان و بڕی غەرامە بێت، بیریان لای پابەندبوون بێت بە ڕێنماییەكان و خێرای شەقامەكان، بۆ ئەوەی بەدوور بن لە ڕووداوی هاتووچۆ". جەختیش دەكاتەوە كە "ئەگەر خەڵك هەموو پابەند بن، كامێرا ناتوانێت یەك سەرپێچی تۆمار بكات".

دەربارەی كامێراكانی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت)، عەمید ئاسۆ محەمەد بە پەرەگرافی وت "تەنها لە ڕێگای تاسلوجە - دووكان دانراوە". ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو كامێرایانە بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی ڕووداوی هاتووچۆ بە جۆرێك كە "لەو كاتەوەی دانراون، تەنها یەك ڕووداوی هاتووچۆ ڕووی داوە كە كەسێك گیانی لەدەست دابێت، ‌ئەویش هاووڵاتییەكی عەرەب بووە و شارەزای شەقام و كامێراكان نەبووە".

"دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگاكانی دەرەوەیش، دراوە بە كۆمپانیا و لە سەرجەم ڕێگاكان دادەنرێت. كەی ئیشی كۆمپانیا تەواو بێت، دەخرێتە كار. لەو شوێنانەش كە كامێرای خاڵ بۆ خاڵ هەبێت، كامێرای گەڕۆك دانانرێت"، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی وا دەڵێت.