دانەگاز: بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر ڕاگیرا

26-01-2024 10:15

پەرەگراف

کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی گاز ڕاگیرا، وەزارەتی کارەباش دەڵێت بەوهۆیەوە 2800 مێگاوات کارەبا کەمی کردووە.

دانەگاز ڕاگەیەندراوێکی لەباەەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوەو دەڵێت "پێده‌چێت له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ بوبێت".

بەهحی هێرشەکەوە کۆگایەکی سوتەمەنی ئاگری گرت و بەهەوڵی تیمەکانی بەرگری شارستانی کۆنتڕۆڵکرا.

راگرتنی كاره‌كانی به‌رهه‌مهێنانی گاز لە کێڵگەکە كاتییه‌، دانەگاز دەڵێت "تیمەکانی بەگەڕخستن لە نزیکترینکاتدا سەرجەم رێکارەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەگرنەبەر". 

هەر شەوی ڕابردوو دوای هێرشەکە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند "بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا".

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

کۆرمۆر لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە مووشەک ھێرشی کراوەتەسەرو زیانی ماددی و ئاگرکەوتنەوەی بەدواوە بووە، ھێشتا بە فەرمیی بەرپرسیاران و ھۆکاری ئەو ھێرشانە ئاشکرا نەکراون.