ئەمریكا ئیدانەی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر دەكات؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: زیانی گەورەی بە هاووڵاتیان گەیاندووە

26-01-2024 02:26

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایدەنگەیەنێت "بەهۆی هێرشەكەی سەر كۆرمۆر، هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی 2800 میگاوات كارەبا ڕاگیراوە". باڵیۆزی ئەمریكایش ئیدانەی هێرشەكە دەكات و دەڵێت "ژێرخانی كێڵگەكە وێران بووە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "شەوی ڕابردوو (25)ی كانوونی دووەم، هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و ئاگر كەوتەوە. خۆشبەختانە هێرشەكە زیانی گیانیی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێكەوتەوە".

وەكوو لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، "لە كاتژمێر (10)ی دوێنێ شەوەوە هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا بۆ بەرهەمهێنانی 2800 میگاوات كارەبا راگیراوە و زیانی گەورەی بە هاووڵاتیانی كوردستان گەیاندووە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، سەرقاڵی چارەسەركردنی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازن و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەخت دەكاتەوە كە "هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخەكە، بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا دەست پێ دەكاتەوە".

ئالینا ڕۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X)، ئیدانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆری كردووە و دەڵێت "هێرشەكە ژێرخانی كێڵگەكەی وێران كرد و لە ناوەڕاستی زستاندا ملیۆنان كەس بێ كارەبا بوون".

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەشڵێت "لە تەنیشت هاوبەشەكانمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەوەستین بۆ پشتیوانیكردن لە سەروەری و ئاسایشی عێراق".

بەهۆى هێرشەکەوە کۆگایەکی سوتەمەنی ئاگری گرت و بە هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنتڕۆڵ کرا. کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی گاز ڕاگیراوە.