مەسروور بارزانی دەربارەی هێرشەكانی سەر هەرێم: شكست و ڕووڕەشی بۆ خائینان دەمێنێتەوە

26-01-2024 06:42

پەرەگراف

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێرشەكان بۆ سەر هەرێم بە "هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینان بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم" ناو دەبات و دەڵێت "بەو پیلانان ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا تەنیا شكست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن و خائینان دەمێنێتەوە".

مەسروور بارزانی دەشڵێت "سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەكەین، كە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار كردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزاركردن، كۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایەت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناكات".

دەقی ڕاگەیەندراوی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم:

ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، كوردستان هەرەس دەهێنێت.

خەڵكی تێكۆشەر و نیشتمانپەروەر و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە كە بە پیلان و ستەمكاری بشكێن، بەڵكوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شكست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن و خائینان دەمێنێتەوە.

سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەكەین، كە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار كردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزاركردن، كۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایەت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناكات.

گرنگە هەنگاوی كرداری لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوە بپارێزێت.

داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەكەین، كە ڕێكاری جدی بگرنەبەر و هاوكاری مەیدانیمان بكەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵكی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.

داوا لە خەڵكی كوردستانیش دەكەم، بە خۆڕاگری و ورەیەكی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاكفرۆش و كۆیلەی ناحەزان نەدەن، كوردستان و خەبات و دەستكەوتەكانی، بكەنە قوربانی ترسنۆكی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان.

داواكارم خوای گەورە، هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاكوو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیرۆزی كوردایەتی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەركەوتن.

مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان