بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە

27-01-2024 03:29

پەرەگراف

بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و كارەبای نیشتمانی ئاسایی بووەتەوە. دەشڵێت ''بڕی گازی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 50٪ـی گازی هەموو عێراقە".

ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە چەمچەماڵ ڕایگەیاند، دۆخی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ئاسایی بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی و كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە ئەو بڕەی كە بەر لە هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر بە هاووڵاتییان دەدرا.

ئەحمەد موفتی سەبارەت بە هێرشەكەی سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر وتی، گازی كێڵگەكە تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی كارەبایە و خزمەت بە هاووڵاتییان دەكات، بۆیە ئەم هێرشانەی دەكرێنە سەری، تەنیا زیان بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت.

بریكاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەبارەی پاراستنی زیاتری كێڵگەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئاماژەی بەوە كرد، دوای، "هیچ كام لە كارمەندان شوێنی خۆیان جێنەهێشتووە و هێزە ئەمنییەكانیش هەر وەكوو ڕابردوو هەموو توانای خۆیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە ڕووی ئەمنییەوە كێڵگەكە بپارێزن".